سوپای تورکیا لەبارەی تۆپبارانکردنی عەفرینەوە بەیاننامەیەک دەردەکات
بەپێی هەواڵی میدیا تورکییەکان، رۆژی شەممە 20/1/2018، سوپای تورکیا رایگەیاندووە، دەستیان بە تۆپبارانکردنی بنکە و بارەگاکانی یەکینەکانی پاراستنی (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان، لە شاری عەفرین، کردووەتەوە.
سوپای تورکیا یەپەگەی بە تۆپبارانکردنی بنکە و بارەگاکانی سوپای تورکیا تۆمەتبار کردووە و رایگەیاندووە، تۆپبارانی سوپای تورکیا لەبەرامبەر هێرشەکانی یەپەگەوە بووە.
بەپێی هەواڵی میدیاکانی پەکەکە، هێزەکانی سوپای تورکیا لە ناوچەی ئەعزازەوە لە باکووری سووریا، ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەپەگەی لە دەوروبەری گوندەکانی شێرا تۆپبارانکردووە و دوو هاووڵاتیی سڤیل بەهۆیەوە بریندار بوون.
میدیاکانی پەکەکە هەروەها بڵاویان کردووەتەوە، کە لە پارێزگای هاتای لە تورکیاشەوە سوپای تورکیا چیای گوری لە ناوچەی بولبل لە گوندەوارەکانی عەفرین، بۆردومان کردووە.
چەند رۆژێکی تورکیا ھێزێکی زۆری لەسەر سنووری شاری عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان کۆ کردووەتەوە و رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیازش رایگەیاندووە، ھێزەکانیان دەچنە ناو شارەکە و شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵای سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان، لەناو دەبات.
لە رۆژی شەممە 13.1.2018ـەوە، سوپای تورکیا چەند جارێک تۆپبارانی شاری عەفرینی کردووە و پێشتریش پەکەکە ھۆشداریی دابوو و رایگەیاندبوو، کە ئەگەر تورکیا ھێرش بکاتە سەر عەفرین، ئەوا ”پەکەکە شەڕ دەباتە ھەموو تورکیا و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست“.
باسنيوز
