ئەگەر داعش تێک نەشکابا، ئەوا لە شەقامەکانی تاران چی رووی دەدا؟
رۆژی شەممە 20/1/2018، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی لە (کۆڕبەندی بەسرە) لە بسرەی باشووری عێراق، رایگەیاندووە، داعش %70ـی خاکی سووریای داگیر کرد و لە عێراقیش هەتا نزیک بەغدای داگیر کرد.
قاسم سولەیمانی باسی هاوکاریی وڵاتەکەی بۆ هەردوو رژێمی سووریا و حکوومەتی عێراقی کردووە و رایگەیاندووە، ”ئەگەر بەرەی بەرگری نەبوایە، ئەوا داعش لە سنوورەکانی ئێران نزیک دەبوویەوە“ و پرسیویەتی، ئەگەر داعش تێک نەشکابا، ئەوا لە شەقامەکانی تاران چی رووی دەدا؟“.
فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لە شاری شنگال ”دیمەنە سەرسوڕهێنەرەکان“ی داعشی بینیوە و ”لە قەراغ رووبارێکیش، لە یەک رۆژدا سەری دوو هەزار گەنج بڕا بوو“.
حکوومەتی عێراق لە میانی شەڕی دژی داعشدا رایگەیاند، کە قاسم سولەیمانی وەک راوێژکاری سەربازیی حکوومەتی عێراق بەشداریی لەو شەڕەدا کردووە و گەورەبەرپرسانی باڵای ئێرانیش باسیان لەوە کردووە، کە بۆ پاراستنی ئێران، سوپای وڵاتەکەی شەڕی دژی داعش لە سووریا و عێراق کردووە.
باسنیوز
