سەرکردەی قاعیدە داوای ئاشتەوایی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەکات

 سەرکردەی قاعیدە داوای ئاشتەوایی لە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەکات
سەرکردەی باڵی سووریای رێکخراوی تیرۆریستی قاعیدە داوای رێککەوتن و ئاشتەوایی لە گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەکات.

ئەبو محەمەد ئەلجۆلانی، سەرۆکی دەستەی تەحریر شام (بەرەی نوسڕە)، کە باڵی قاعیدەیە لە سووریا، لە تۆمارێک دەنگیدا رایگەیاندووە، ماوەی 100 رۆژە رێکخراوەکەی شەڕێکی دژوار لە دژی رژێمی سووریا دەکات.

ئەبو محەمەد ئەلجۆلانی هەروەها رایگەیاندووە، کە ئامادەن لەگەڵ هەموو گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن ئاشت ببنەوە، تاوەکو ”بە هەموومان شەڕ دژی رژێمی سووریا بکەین“.

ئەو تۆمارە دەنگیەی ئەلجۆلانی، یەکەم تۆماری ئەو سەرکردەیەی قاعیدەیە، دوای ئەوەی سوپای رووسیا لە مانگی 10ـی ساڵی رابردوو رایگەیاند، بەهۆی بۆردومانێکی فڕۆکە جەنگییەکانیان، ئەبو محەمەد ئەلجۆلانی بریندار بووە و چووەتە بارودۆخی بێهۆشی.

لە مانگی ئاداری 2011ـەوە (نزیکەی هەشت ساڵە)، شەڕی ناوخۆیی لە سووریا لەنێوان گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن، رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە و رژێمی سووریا دروست بووە.

بەهۆی ئەو شەڕانەوە، کە سەراپای وڵاتەکەی گرتووەتەوە، زیاتر لە پێنج ملیۆن هاووڵاتیی لە ناوخۆی وڵاتەکە، بۆ وڵاتانی دەوروبەر و جیهان ئاوارە بوون و زیاتر لە نیو ملیۆن کەسیش گیانیان لەدەست داوە.










باسنيوز
Top