بنەماڵەی گیراوانی خۆپیشاندانەکانی ئێران گردبوونەوەیەکیان ڕێک خست

 بنەماڵەی گیراوانی خۆپیشاندانەکانی ئێران گردبوونەوەیەکیان ڕێک خست
دوێنێ سێشەممە، لەبەردەم گرتووخانەی ئێڤین لە تاران بنەماڵەی گیراوانی خۆپیشاندانەکانی ئێران، گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان ڕێکخست و لە بەرانبەردا هێزە ئەمنییەکان ڕووبەڕووی خەڵک بوونەتەوە.



بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی میدیایی (بی‌بی‌سی) بەشێک لەو خەڵکە ناڕازییەی کە لەبەردەم گرتووخانەی ئێڤین کۆ بوونەتەوە، "دروێشە گوناببادییەکان" بوون و ئەوانی دیکەش کەسوکاری دەستگیرکراوانی ڕۆژانی ڕابرووی ئێران بوون کە هێزە ئەمنییەکانی ئێران زۆر بە توندی بەرەنگاری خەڵک بوونەتەوە و بە لێدان و کوتان بڵاوەیان پێکردوون.



"کەمینی مافی مرۆڤی ئێران" لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە کە دوای ئەو خۆپیشاندانانە چوار کەس لە گیراوانی "دراویشە گونابادییەکان" ئازاد کراون.



بەپێی ڤیدیۆیەکان خەڵکی ناڕازی لەبەردەم گرتووخانەی ئێڤین، دروشم دەدەن و دەڵێن: "بترسێن، بترسێن، ئێمە هەموو پێکەوەین".



ئەو گردبوونەوانە لە کاتێک دان کە دوێنێ سێشەممە 2017/1/9 مەحموود سادقی، نوێنەری تاران لە پەرلەمانی ئێران ئاشکرای کرد کە بەهۆی خۆپیشاندان و پشێوییەکانی ئێران، نزیکەی 3700 کەس دەستگیر کراون.



بەپێی زانیاریی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران، هەتا ئێستا سێ کەس لەو گیراوانە لە گرتووخانەوی ئێڤین گیانیان لەدەست داوە و چالاکوانانی مافی مرۆڤ لە ناوخۆ و دەرەوەی ئیران هۆشداریی ئەوە دەدەن کە ئەگەری زۆرە لەناو گرتووخانەکانی ئێران ڕووداوی "کەهریزەک" (ئازار و ئەشکەنجە و کوشتنی دەستگیرکراوان) دووبارە ببێتەوە".



باسنيوز
Top