توونس.. هاووڵاتییەک لە خۆپیشاندانی دژی زیادکردنی باج کوژرا

 توونس.. هاووڵاتییەک لە خۆپیشاندانی دژی زیادکردنی باج کوژرا
جارێکی دیکە هاووڵاتییانی توونس بەهۆی زیادکردنی باجەکان و بەرزکردنەوەی نرخی کەلوپەل، رژانە سەرشەقامەکان.



وەزارەتی ناوخۆی توونس رایگەیاندووە، کە لە خۆپیشاندانی رۆژی دووشەممە 8/1/2018، هاووڵاتییەکی خۆپیشاندەر لە شارۆچکەی تەببەڕیە لە دووریی 40 کیلۆمەتر لە تونسی پایتەخت، کوژراوە.



هاووڵاتییان لەو خۆپیشاندانانە داوا دەکەن باج کەم بکرێتەوە و نرخی کەلوپەل و خواردنیش بشکێنێت و بەپێی زانیارییەکانیش، تادێت خۆپیشاندانەکان فراوانتر دەبن و لە تەبەڕییە خۆپیشاندەران هەوڵیان داوە بارەگاکانی حکوومەت بسووتێنن.



پێشتر لە رۆژی 14/12/2010، محەمەد بوعەزیزی (1984-2011)، گەنجێکی عارەبانەچی لە شاری سیدی بوزید بوو. بەهۆی ئەوەی هێزە ئەمنییەکان رێگرییان لێ کرد کار بکات و بژێویی خێزانەکەی دابین بکات، لە بەردەم شارەوانیی شارەکەیدا ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و دوای 20 رۆژ، لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.



خۆسووتاندنی محەمەد بوعەزیزی بووە هۆی سەرهەڵدانی چەندین خۆپیشاندان لە هەموو شارەکانی وڵات دژی ناعەدالەتی و بژێویی سەختی ژیان، کە دواجار خۆپیشاندانەکان بوونە هۆی رووخاندنی رژێمی وڵاتەکە و هێنانەخوارەوەی زەینولعابدین بن عەلی، سەرۆکی تونس، دوای 24 ساڵ سەرۆکایەتی.







باسنیوز
Top