سەرکردەیەکی باڵای میلیشیای حوسی کوژرا
بەپێی هەواڵی میدیا عەرەبیەکان، کە رۆژی دووشەممە 8/1/2018 بڵاو کراوەتەوە، شێخ حەمیر ئیبراهیم، یەکێک لە سەرکردەکانی حوسییەکان هەڵگەڕانەوەی خۆی لە حوسییەکان راگەیاندووە و داوای لە گەنجانیعەشیرەتەکەی کردووە پشت لەو میلیشیایە بکەن و بچنە ریزی هێزە شەرعییەکانی یەمەن.
شێخ حەمیر ئیبراهیم هەروەها رایگەیاندووە، کە ئەو میلیشیایە خەڵکی ناچار دەکرد ببنە چەکدار و دواتر بەبێ پاڵپشتیی دارایی و سەربازی، بەجێی دەهێشتن، جگە لەوەش منداڵانی چەکدار دەکرد و دەیبردنە بەرەکانی پێشەوەی شەڕ.
چەند کاتژمێرێک پێش ئەوەی ئەو سەرکردەیە لە حوسییەکان هەڵبگەڕێتەوە، محەمەد محەمەد حوسـێن ئەلعەجریی ناسراو بە ئەبو ئیسماعیل، یەکێک لە سەرکردەکانی دیکەی ئەو میلیشیایە، کوژرا.
ئەبو ئیسماعیل لەگەڵ چەند چەکدارێکی میلیشیاکەی بوو لە نزیک ناوچەی حیس لە کەناراوەکانی رۆژئاوای یەمەن و لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانیی عەرەبی بۆ گێڕانەوەی شەرعییەت بۆ یەمەن، بۆردومان کرا.
حوسییەکان میلیشیایەکی چەکداریی شیعەمەزهەبن. لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پاڵپشتیی سەربازیی و دارایی دەکرێن.
باسنيوز
