میدیاکان: 26 پارێزگا و 90 شاری ئێران خۆپیشاندانیان تێدا دەکرێت

 میدیاکان: 26 پارێزگا و 90 شاری ئێران خۆپیشاندانیان تێدا دەکرێت
خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکانی ئێران کە ماوەی هەشت ڕۆژە لە ناڕەزایی بە دۆخی خراپی ئابووری، گرانی و بێکاری لەو وڵاتە دەستی پێ کردووە، هەتا ئێستا 90 شاری گرتووەتەوە.

میدیا جیهانی و ناوخۆییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە لەکۆی 31 پارێزگای ئێران هەتا ئێستا لە 26 پارێزگا و 90 شاری ئێران خۆپیشاندان و ناڕەزایی لەدژی حکوومەت ڕووی داوە و تێیدا 22 خۆپیشاندەر بەدەستی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون و دوو ئەسفەری هێزە ئەمنییەکانی ئێرانیش کوژراون.

هەتا ئێستا لە سەرتاسەری ئێران زیاتر لە 1000 کەس دەستگیر کراون و بە سەدان کەسی دیکەش بریندار بوون.

هەر لە ڕۆژی یەکەمی ئەم ئاڵۆزییانەوە وێڕای ویست و داخوازییە ئابوورییەکان، خەڵکی دروشمی توندی سیاسی و دژایەتیی حکوومەتیان بەرز کردووەتەوە، لە بەرانبەر خرۆشانی جەماوەری لە ئێران، حکوومەتیش دوێنێ چوارشەممە لە چەندین شار لایەنگرانی خۆی کە زیئاتر لە هێزە ئەمنییەکان، فەرمانبەران و قوتابیان بوون، هێنایە سەرشەقام و لەدژی خۆپیشاندەران کە حکوومەت بە "ئاژاوەگێڕ"یانی وەسف کردووە، دروشمیان دا.

خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکانی ئێران کاردانەوەی نێودەوڵەتی و ناوچەیی لێ کەتووەتەوە و هەتا ئیستا ئەمریکا، ئیسرائیل و یەکێتیی ئەورووپا و کۆنگرێس و بە دەیان کەسایەتیی سیاسیی جیهانی پشتیوانیان لە ویستی ڕەوای خۆپیشاندەرانی ئیران کردووە و لە بەرانبەریشدا ڕووسیا، سووریا و تورکیاش لایەنگری حکوومەتی ئێران بوون.

هەتا ئێستا سێ پارتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بریتین لە "حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و حزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) بە ڕاگەیەندراو پشتیوانیان لە ویستی ڕەوای خۆپیشاندەران کردووە.










باسنيوز
Top