ئەردۆغان: ئاسایش و سەقامگیریی ئێران لە هی تورکیا بەجیا نازانین

 ئەردۆغان: ئاسایش و سەقامگیریی ئێران لە هی تورکیا بەجیا نازانین
ئەمڕۆ چوارشەممە و دوای حەوت ڕۆژ لە خۆپیشاندان و پشێوی و ئاڵۆزییەکانی ئێران، حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ئێران و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پەیوەندیی نێوان دوو وڵات و بەتایبەت ڕەوشی ئەم دوایەی ئیرانیان تاوتوێ کرد.

بەپێی هەواڵی ماڵپەری (فارس)ی سەر بە سوپای پاسداران، حەسەن ڕۆحانی لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا ڕای گەیاندووە: "لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا خەڵک لە چوارچێوەی یاسادا ئازادن ڕەخنە و ناڕەزایی خۆیان دەرببڕن، بەڵام بێگومان بۆ ئێمە ئاسایشی وڵات زۆر گرنگترە و لەم پێناوەدا لە بەرانبەر ئەو خۆپیشاندانانە بێدەنگ نابین".

هاوکات ڕۆحانی جەختی لە پەیوەندیی نیوان ئێران و تورکیا لە بوارە جیاجیاکانی ئابووری و سیاسی کردووە و لە بەرانبەردا ئەردۆغانیش جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە ئەنقەرە پەوەندییەکانی خۆی لە هەموو بوارەکان لەگەڵ ئێران پەرە پێ بدات و بەتایبەت پرسی سووریا لە کۆنگرەی سووچی بۆ ئەنقەرە و تاران زۆر گرنگە.

لە بەشێکی دیکەی قەسەکانیدا سەرکۆماری تورکیا لەبارەی ئاڵۆزی و پشێوییەکانی ئەم دوایەی ئێران گوتی: "تورکیا پاراستنی سەقامگیری و ئەمنیەتی ئێران لە هی خۆی بەجیا نازانێت و بۆی گرنگە، بەڵام ئێمە بانگەشە و دژایەتیی ڕاگەیەنەکانی ڕۆژئاوا بۆمان دووپاتەن و بە دەبڕین و دەستیوەردانی کەسانێکی وەک ترەمپ و ناتانیاهۆ ڕاهاتووین".

لە ئەنجامی خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکانی یەک حەفتەی رابردووی ئێران، کاردانەوە نیودەوڵەتیی جۆراوجۆری لێ کەوتەوە، جیا لە ڕووسیا و سووریا کە پشتگیریی حکوومەتی ئێرانیان کردووە، لە بەرانەبردا ولاتانی "ئەمریکا، ئیسرائیل، ئەڵمانیا و یەکێتیی ئەورووپا وێڕای پشتگیری لە خۆپیشاندانی هاووڵاتیانی ئێران، داوایان لە حکوومەتی ئێران کردووە ڕێز ماف و ویستی ڕەوای خۆپیشاندەران بگرێت.










باسنيوز
Top