یەکێتیی ئەورووپا: دەبێ ئێران ڕێز لە ویستی ڕەوا و ئاشتیانەی خۆپیشاندەران بگرێت
بەپێی ڕاپۆرتی میدیا جیهانییەکان، گوتەبێژی فدریکا مۆگرینی، سەرۆکی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، دوێنێ دووشەممە 2018/1/1 بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ئاشکرای کردووە کە یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران لە پەیوەندی دان و چاوەڕوانی ئەوەین، ڕێگە بدەن خەڵک بە خۆپیشاندانی ئاشتیانە و ئازادیی ڕادەربڕین ویستەکانیان دەرببڕن و نابێ بە شێوەی توندوتیژ و بە تەقەکردن لە خەڵک وەلامیان بدرێتەوە.
ئاماژەی بەوەش داوە ئێمە بە وردی چاودێریی خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکانی ئێران دەکەین.
خۆپیشادان و ئاڵۆزییەکانی دوێنێ دووشەممە لە لاتێکدا لە چەندین شاری گەورەی ئێران درێژەیان هەبوو، کە حەسەن ڕۆحانی گوتبووی: "ئەو ناڕزاییانە کۆمەڵێک کەس و گرووپی بچووکن و بەمزوانە هەموویان هەڵدەپێچین".
لەلایەکی دیکەشەوە زیگمار گابریل، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لەبارەی دەستڕێژ و کوشتنی خۆپیشاندرەان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە، داوای لە حکوومەتی ئێران کردووە ڕێز لە ماف و ویستە ڕەواکانی خەڵک بگرێت.
خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکان لە ئێران کە بە بۆنەی "گرانی، بێکاری، ڕەوشی خراپی ئابووریی خەڵک" لە پێنجشەممەی هەفتەی رابردووەوە لە سەرتاسەری ئێران دەستیان پێکردووە، هەتا ئێستا 21 خۆپیشاندەر کوژران کە بەپێی هەندێ سەرچاوە زیاتر لە دە کەسیان کوردن و هەتا ئێستا لە زۆربەی شارەکان زیاتر لە 400 کەس دەستگیر کراون کە زیاتر لە 100 کەسیان کوردن.
باسنيوز
