سەرکردە و فەرماندە ئێرانییەکان پێشبینیی تێکچوونی زیاتری بارودۆخەکە دەکەن
رۆژی سێشەممە 2/1/2018، ماڵپەڕی (فۆکس نیوز)ی ئەمریکی ناوەڕۆکی راپۆرتی کۆبوونەوەی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، سەرکردە سیاسییەکان و فەرماندە سەربازیی و ئەمنییەکانی ئێرانی لەبارەی خۆپیشاندانەکانەوە، بڵاو کردووەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، فەرماندە سەربازی و ئەمنییەکان رایانگەیاندووە، کە خۆپیشاندانەکان مەترسیی بۆ سەر هەموو سێکتەرەکانی ئێران دروست دەکەن و ”هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی سیستەمی ئێران دروست دەکەن“.
ئەو فەرماندە و سەرکردە ئێرانییانە لە کۆبوونەوەکەدا، کە رۆژی 31/12/2017 ئەنجام دراوە، پێشبینییان کردووە خۆپیشاندانەکان فراوانتر بن و بارودۆخی ئێران بەرەو خراپتر بچێت، کە بە بارودۆخێکی ”زۆر ئاڵۆز و جیاوازتر لە خۆپیشاندانەکانی پێشوو“، ناویان بردووە.
لە رۆژی پێنجشەممە 28/12/2017، هاووڵاتییانی ئێران لە زۆربەی شارەکانی ئەو وڵاتەوە، لە دژی گەندەڵیی ئابووری، نەبوونی خزمەتگوزاری و هەژاری دەستیان بە خۆپیشاندان کرد و توندوتیژی لێ کەوتووەتەوە.
خۆپیشاندەران لە چەندین شاری ئێران بارەگاکانی حکوومەتیان سووتاندووە و داوای رووخانی حکوومەتی وڵاتەکەیان دەکەن.
باسنيوز
