بەرپرسانی روسیا رێگە بە ئەلێكسی ناڤالنی نادەن خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بپاڵێوێت

بەرپرسانی روسیا رێگە بە ئەلێكسی ناڤالنی نادەن خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی بپاڵێوێت
ڕۆژێك دوای ئەنجامدانی گردبوونەوەیەك بۆ خۆپاڵاوتنی، بەرپرسانی رووسیا ڕێگەیان نەدا بە چالاكوان و ئۆپۆزسیۆنی حكومەتی ڕوسیا ئەلێكسی ناڤالنی كە خۆی بۆ سەرۆكایەتی ئەو وڵاتە بپاڵێوێت.

دوای پێشكەشكردنی داواكاری خۆپاڵاوتنی، كۆمیسیۆنی ناوەندی هەڵبژاردنی ڕوسیا داواكەی ناڤالنی رەتكردەوە بەبیانووی تاوانباربوونی بە ساختەكاری.

لەبەرامبەردا، روسلان شاڤێدینۆڤ، بەرپرسی راگەیاندنی كەمپەینی ناڤالنی بە سی ئێن ئێنی ڕاگەیاند، كە ئەوان داوای پێداچوونەوە دەكەن بە بڕیارەكەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی ڕوسیا.

ناڤالنی لە بەرامبەر ڤلادیمێر پۆتین سەرۆكی ئێستای ڕوسیا خۆی بۆ هەڵبژراردنی سەرۆكایەتی ئەو وڵاتە دەپاڵێوێت، كە ئەوە دەبێتە چوارەم خولی سەرۆكایەتی پۆتین بە جۆرێك لە ساڵی 1999 ەوە پۆتین یان سەرۆك وەزیران یان سەرۆكی ڕوسیا بووە.

دوای ئەوەی پرسیار لە ڤلادیمێر پۆتین سەرۆكی روسیا كرا لەبارەی نەبوونی سەركردەی چالاكی ئۆپۆزسیۆن لەڕوسیا، پۆتین وتی، "زۆربەی سەركردەكانی ئێستای ئۆپۆزسیۆنی روسیا زیاتر كارلەسەر دروستكردنی ژاوەژاو دەكەن لەجیاتی هەبوونی ئەجندایەكی ڕاستەقینە بۆ سوودگەیاندن بە ووڵات".

لەبەرامبەر بڕیاری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی ڕوسیا، ناڤالنی داوای بایكۆتكردنی هەڵبژاردنی مانگی سێی ساڵی 2018 ی روسیا دەكات.

ئەلێكسی ناڤالنی چالاكوانێكی ئۆپۆزسیۆنی روسیایەو لە ماوەی خۆپیشاندانە بەربڵاوە ناڕەزاییەكانی ساڵی 2011ی روسیا ناوبانگی زۆری پەیداكرد و پشتیوانیەكی بەرفراوانی لەناو گەنجانی وڵاتەكەیدا هەیە، بەهۆی ناڕازیبوونی لە خراپی باروودۆخی ئابوری ڕوسیا و گەندەڵی زۆرەوە لەو وڵاتەدا.








خەندان
Top