ئەمریکا هەڕەشە لە نەیارانی بڕیارەکەی ترەمپ دەکات
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە 21/12/2017، کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، لەسەر داوای وڵاتانی تورکیا و یەمەن، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ساز بکات و لەبارودۆخی شاری ئۆرشەلیم بکۆڵێتەوە و تاوەکو ئیدانەی بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بکات.
نیکی هالی، نێردەی هەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) رایگەیاندووە، ئەمریکا پێشبینی نەدەکرد ئەو وڵاتانەی پێشتر یارمەتی داون، لە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دژایەتیی بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ بکەن.
نیکی هالی هەڕەشەی ئەوەی کردووە، کە هەر وڵاتێک دەنگ لە دژی بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا بدات، ”ناوەکەی تۆمار دەکەین“، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی بە هاوکارییەکانیان بۆ ئەو وڵاتەدا دەچنەوە.
رۆژی دووشەممە 18/12/017، ئەنجومەنی ئاسایش لەسەر داوای میسر کۆ بووە و تێیدا 14 وڵات دەنگیان بە رەتکردنەوەی بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ دا، بەڵام ئەمریکا مافی ڤیتۆی بەکارهێنا و پرۆژەی رەتکردنەوەی بڕیارەکە، شکستی هێنا.
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 6/12/2017، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری گواستنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە ئیسرائیل لە تەل ئەڤیڤەوە بۆ ئۆرشەلیم دەرکرد و تێیدا شاری ئۆرشەلیمی وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساندى.
ئیسرائیل شاری ئۆرشەلیمی وەک پایتەختی خۆی ناساندووە و فەلەستین و عەرەبیش بە شارێکی پیرۆزی خۆیانی دەزانن.
هەر پێنج وڵاتی ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، چین و بەریتانیا لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی مافیان هەیە هەر پرۆژەیاسایەک ڤیتۆ بکەن و رەتی بکەنەوە.
باسنيوز
