داعش دزه‌ی كردووه‌ته‌ ناو شاری جه‌رابلووس

 داعش دزه‌ی كردووه‌ته‌ ناو شاری جه‌رابلووس
رۆژنامه‌ی (یه‌نی ئاكید)ـی توركی بڵاوی كردووه‌ته‌وه‌، زۆربه‌ی ئه‌و چه‌كداره‌ داعشانه‌ی له‌ ره‌ققه‌ رایانكردووه‌، پیلانیان هه‌یه‌ بێنه‌ ناو خاكی توركیا و كرده‌وه‌ی تیرۆریستی ئه‌نجام بده‌ن، بۆ ئەمەش ئێستە دزەیان كردووەتە شاری جەرابلووسی سنووری.

رۆژنامه‌ی (یه‌نی ئاكید)ی توركی له‌ هه‌واڵێكدا یه‌په‌گه‌ تۆمه‌تبار ده‌كات، به‌وه‌ی رێگه‌ خۆش ده‌كات تا له‌ سنووری خۆیانه‌وه‌ چه‌كدارانی گرووپی تیرۆریستی داعش دزه‌ بكه‌نه‌ ناو جه‌رابلووس و ئه‌لباب، كه‌ ئێستە ئه‌و 2 شوێنه‌ له‌ ده‌ستی توركیایه‌ و له‌ چوارچێوه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی (قه‌لغانی فورات)تدا رزگار كران.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی رۆژنامه‌ی (یه‌نی ئاكید)ی توركی، توركیا خۆی ئاماده‌ ده‌كات تا ئۆپه‌راسیۆنی عه‌فرین ئه‌نجام بدات، به‌ڵام یه‌په‌گه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ شكست پێ بهێنێت، له‌گه‌ڵ داعشدا رێككه‌وتنی كردووه‌ تا له‌ جه‌رابلووس و ئه‌لباب كرده‌وه‌ی سه‌ربازی ئه‌نجام بده‌ن.

بۆ ئه‌مه‌شیان یه‌په‌گه‌ ده‌یان چه‌كداری داعشیان ره‌وانه‌ی سنووره‌كانی توركیا كردووه‌، هه‌روه‌ها به‌شێكی ئه‌و چه‌كدارانه‌ش چوونه‌ته‌ ناو توركیاوه‌.

له‌ هه‌واڵه‌كه‌دا هاتووه‌، ئێستە سنووره‌كانی توركیا و جه‌رابلووس زۆر توند كراون، هۆكاره‌كه‌ش رێگه‌ گرتنه‌ له‌ دزه‌كردنی چه‌كدارانی داعش بۆ توركیا و جه‌رابلووس.









باسنيوز
Top