ئیسرائیل کۆگایەکی تەقەمەنیی حەماس بۆردومان دەکات
بەپێی هەواڵی میدیا ئیسرائیلییەکان، ئەو بۆردومانە شەوی هەینی 8/12/2017 کراوەتە سەر بنکەیەکی مەشق و کۆگایەکی تەقەمەنی، بەهۆی ئاراتەکردنی چەند مووشەکێکەوە بووە لە غەززە بۆ باشوور ئیسرائیل.
میدیا ئیسرائیلەکان باس لەوە دەکەن، کە مووشەکەکان لەلایەن ”حەماسی تیرۆریست“ـەوە ئاراستەی شارۆچکەی سەدیرۆت لە باشووری ئیسرائیل کراون و زیانێکی ماددی زۆریان بە خەڵکەکەی گەیاندووە.
دوای بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی شارۆ ئۆرشەلیم (قودس)ـەوە، حەماس دەستی بە چالکییە تیرۆریستییەکانی کردووەتەوە لە دژی ئیسرائیل.
حەماس بزووتنەوەیەکی ئیسلامیی توندڕەوە. لە لیستی تیرۆری ئەمریکی و بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپی دایە.
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 6/12/2017، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری گواستنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە ئیسرائیل لە تەل ئەڤیڤەوە بۆ ئۆرشەلیم دەرکرد و تێیدا شاری ئۆرشەلیمی وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساند.
ئیسرائیل شاری ئۆرشەلیمی وەک پایتەختی خۆی ناساندووە و فەلەستین و عەرەبیش بە شارێکی پیرۆزی خۆیانی دەزانن.
پێشتر فەلەستین هەڕشەی لە ئەمریکا کردبوو، کە ئەگەر سەرۆکی ئەو وڵاتە ئۆرشەلیم وەک پایتەختی ئیسرائیل بناسێنێت، ئەوا گەلی فەلەستین و عەرەب لە دژی ئەمریکا هان دەدات، کە بە یەکێک لە رێگاکانی هاندانی توند دژی ناموسڵمانان، هەژمار دەکرێت و دواجار مەترسیی دروستبوونی تیرۆری لێ دەکەوێتەوە.
باسنيوز
