کوڕەکەی عەلی عەبدوڵڵا: جەهەننەم بۆ کلکەکانی ئێران دروست دەکەین
لە پەیامێکدا، عەمید ئەحمەد عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، بەبۆنەی کوژرانی باوکی، رایگەیاندووە، عەلی عەبدوڵڵا ساڵح وەک چیا و بە سەربەزی بەڕووی کۆنەپەرستی و بەکرێگیراوەکانی ئێران وەستایەوە.
عەمید ئەحمەد عەلی عەبدوڵڵا بە ئاماژەکردن بەوەی، ”بەکرێگیراوانی ئێران“ خراپەکاری لەسەر زەوی بڵاو دەکەنەوە، بەڵێنی بە گەلی یەمەن داوە، کە دوای کوژرانی باوکی و داگیرکردنی وڵاتەکەی لەلایەن میلیشیای حوسی، جەهەننەم بۆ ”کلکەکانی ئێران لە هەر کوێ بن“، دروست دەکات.
رۆژی دووشەممە 4/12/2017، عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، سەرۆکی پێشووی یەمەن، کە لە سەرەتای مانگی 12ـی 2017 لە میلیشیای حوسی هەڵگەڕایەوە و دەستی بە راپەڕینێکی چکداری کرد بۆ رزگارکردنی یەمەن، بە گوللەی چەکدارانی حوسی کوژرا.
حوسییەکان میلیشیایەکی چەکداریی شیعەمەزهەبن. لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پاڵپشتیی سەربازیی و دارایی دەکرێن.
باسنيوز
