ھێزێکی ئەمریکی لە خورماتوو جێگیر کرا
کاوە مەلا پەروێز، بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو ڕاگەیاند، هێزەکە شەوی هەینی 1/12/2017 لە سەربازگەی کەیون لە کەرکووکەوە بەرەو فڕۆکەخانەی سەربازیی سدیق لە سنووری خورماتوو جووڵەیان پێکرا.
بەڕێوەبەری ئاسایشی خورماتوو هەروەها رایگەیاند، ئەو ھێزەی ھاتووەتە سنووری خورماتوو، قەبارەی بە شێوەیەکە، کە “دەتوانێ پارێزگاری لە خۆی و دەوروبەریشی بکەن”.
کاوە مەلا پەروێز، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ئێستا دۆخی عێراق شێواوە و ئامانج لە ھاتنی ئەو ھێزەش ڕەنگە بۆ پاراستنی ئەمنییەتی ئەو سنوورە بێت و بیانەوێت جارێکی تر بگەڕێنەوە بۆ گۆڕەپانەکە.
ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، میلیشیاکانی (حەشدی شەعبی، سوپای پاسدارانی ئێران و حزبوڵای لوبنانی) بەڕێککەوتن لەگەڵ گرووپێکی یەکێتی، پەلاماری کەرکووک و خورماتوو و خانەقینیان دا و دەستیان بە سەردا گرت و سەدان ھاووڵاتیی کوردیان شەھید و بریندار کرد و نزیکەی ٢٠٠ ھەزار کەسیش لەو سنوورانە ئاوارە بوون.
ڕۆژی ١٨ی ئۆکتۆبەری ڕابردوو، کۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سکترتێری گشتی یەکێتی لە پەیامێکدا ڕای گەیاند: "ئۆباڵی کارەساتەکانی کەرکووک و خورماتوو لە ئەستۆی کاڵفامەکانی ناو یەکێتی دایە".
باسنيوز
