ئەم هەفتەیە سەرۆكی نوێی پەرلەمانی توركیا هەڵدەبژێردرێت
بۆ ئەوەی بزانین سەرۆكی پەرلەمانی توركیا چۆن هەڵدەبژێردرێت، پێویستە شڕۆڤەیەكی كورت لەو ڕووەوە بكەین تا خوێنەر بەرچاوی ڕوون بێت.
لە گەڕی یەكەمی دەنگدانەكەدا پێویستە كاندیدێك 2 لەسەر 3ی دەنگی کورسییەکانی پەرلەمان بهێنێت، كە دەكاتە 367 دەنگ، بەڵام هیچ پارتێكی ناو پەرلەمانی توركیا خاوەنی ئەو رێژە كورسییە نین، بۆیە دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك پەرلەمان دەكەوێتە گەڕی دووەم كە ئەویش هەر بە هەمان شێوە پێویستی بە 367 كورسی هەیە.
كەواتە بە ناچاری دەبێت بچنە گەڕی سێیەمی دەنگدانەوە، كە 2 كاندید ئەوانەی دەنگی یەكەم و دووەمیان هێناوە، كە ئێستا ئاكپارتی و جەهەپەیە دەمێننەوە و ئەوكات ئەوەی بتوانێت 50+1 بهێنێت كە دەكاتە 276 دەنگ سەرۆكی پەرلەمان دەباتەوە.
ئەگەر لەو گەڕەشدا هیچ كاندیدێك ئەو رێژە دەنگەی نەبوو وەكوو ئەوەی لە هەڵبژاردنی 7ی حوزەیران ڕووی دا، كە هیچ پارتێك نەیتوانی ببێتە خاوەنی 276 كورسی، ئەوكات دەچنە ناو گەڕی چوارەمی دەنگدانەوە و كێ بتوانێت زۆرترین دەنگ بهێنێت سەرۆكی پەرلەمان دەباتەوە.
بەڵام بۆ هەڵبژاردنی ئەم هەفتەیەی سەرۆك پەرلەمانی توركیا، ئاكپارتی لە گەڕی یەكەم و دووەمدا ناتوانێت 367 دەنگ بهێنێت، چونكە خاوەنی 316 كورسییە، بەڵام لە گەڕی سێیەم بە 276 دەنگ سەرۆكی پەرلەمان دەبات و ناچنە ناو گەڕی چوارەمی دەنگدانەوە.
باسنيوز
