ئەمریکا بۆ ساڵێکی دیکە دۆخی نائاسایی لە بەرانبەر ئێران درێژ کردەوە

  ئەمریکا بۆ ساڵێکی دیکە دۆخی نائاسایی لە بەرانبەر ئێران درێژ کردەوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرکۆماری ئەمریکا، کە ئێستا لە گەشتی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا دایە، بۆ ماوەی یەک ساڵی دیکە "دۆخی نائاسایی" ئەو وڵاتەی لە بەرانبەر ئێران واژۆ کرد و درێژی کردەوە.



دۆخی نائاسایی لە ساڵی 1980 و پاش نزیکەی یەک ساڵ دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و دوای داگیرکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران لەلایەن خوێندکارانی توندڕەو و لایەنگری خومەینی هاتووەتەوە ئاراوە و هەموو ساڵێک لەلایەن سەرکۆمارەوە درێژە دەکرێتەوە.



ئەمە یەکەمجارە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە ئەو دۆخە نائاساییە درێژ دەکرێتەوە و باراک ئۆباما و سەرکۆمارەکانی پێشووتری ئەمریکا لە سێ دەیەی ڕابردوودا بڕیاری واژۆی ئەو دۆخە نائاساییەیان داوە.



بەپێی ئەو دەستوورەی کە دوێنێ ترەمپ دەری کردووە و ماڵپەڕی کۆشکی سپیش بڵاوی کردووەتەوە، (دۆخی نائاسایی) نیشتمانی لە بەرانبەر ئێران لەسەر بنەمای (فەرمانی بەڕێوەبەریی 12170) و بۆ (بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هەڕەشەی لەناکاو و نائاسایی لەدژی ئاسایشی نیشتمانی، سیاسەتی دەرەوە و ئابووریی ئەمریکا)دا درێژ دەکرێتەوە.



لەو دەستوورەی ترەمپدا هاتووە: "پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ ئێران هێشتا نەگەراوەتە دۆخی ئاسایی و و ڕەوت و بەڕێوەبردنی ڕێککەوتنەکانی 19ی جانیڤەری 1981 لەگەڵ ئێران هێشتا لە ئارا دان".



دەستووری ژمارە 12170ی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، جیمی کارتەر، سەرکۆماری ئەوکاتی ئەمریکا دەری کردووە کە دە ڕۆژ دوای داگیرکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا و بە بارمتە گرتنی 66 دیلۆماتکاری ئەمریکا لەلایەن ئێرانەوە گیراوەتە بەر و ماوەی نزیکەی چل ساڵە ئێران و ئەمریکا هیچ پەیوەندییەکی سیاسی و دیپلۆماسییان پێکەوە نەبووە.



باسنیوز
Top