سعودیە: وەک حکوومەتی دوژمن لە لوبنان دەڕوانین

 سعودیە: وەک حکوومەتی دوژمن لە لوبنان دەڕوانین
وەزیرێکی سعودیە رایدەگەیەنێت، کە وڵاتەکەی وەک حکوومەتی دوژمن لە حکومەتی لوبنانی دەڕوانێت، بەهۆی میلیشیای حزبوڵڵای لوبنانییەوە.



سامر سەبهان، وەزیری دەوڵەتی سعودیە بۆ کاروباری کەنداوی عەرەبی بە (ئەلعەرەبییە)ی راگەیاندووە، شا سەلمان بن عەبدولعەزیز، شای سعودیە، هەموو پێشێلکارییەکانی حزبوڵڵای لوبنانی بۆ سەعد حەریری، سەرۆک وەزیرانی دەست لەکار کێشاوەی لوبنان، شی کردووەتەوە.



سامر سەبهان رەتی کردووەتەوە وڵاتەکەی گوشاری خستبێتە سەر سەعد حەریری بۆ دەست لەکار کێشانەوە لە پۆستی سەرۆکایەتیی وەزیرانی لوبنان، ”ئەو دەنگۆیانە درۆن و بۆ نانەوەی دووبەرەکییە لە لوبنان“.



ئەو وەزیرە سعودیە هەروەها رایگەیاندووە، کە وڵاتەکەی وەک حکوومەتی دوژمن سەیری حکوومەتی لوبنان دەکات، بەهۆی زیادبوونی هەژموونی حزبوڵڵای لوبنانی لەسەر ئەو دەوڵەتە، ”حزبوڵلا بەشداریی هەموو کردە تیرۆریستییەکان دەکات و قاچاخچێتیی ماددەی هۆشبەر دەکات“.



حزبوڵڵا میلیشیایەکی شیعەمەزهەبی لوبنانیە و لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پاڵپشتیی دارایی و سەربازی دەکرێت.



باسنیوز
Top