توێژەرێكی ستراتیژی: هەژموونی توركیا لە عێراق شكستی هێنا

 توێژەرێكی ستراتیژی: هەژموونی توركیا لە عێراق شكستی هێنا
ئەمڕۆ دووشەممە عەلی حسێن باكیر توێژەری ستراتیژیی عەرەب لە وتارێكی شیكاریدا باسی لە شكستی هەژمونی توركیا لە عێراق كردووە و ڕەتكردنەوەی داوای توركیاشی لەلایەن سەرۆك بارزانییەوە بۆ ئەنجام نەدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بە هۆكاری سەرەكی ئەو شكستە وەسف كردووە.

باكیر نووسیویەتی "ئەركی توركیا لە عێراق بۆ راستكردنەوەی باری لاربووەوە ئەستەمە، لەبەرئەوەی لە شوێنێكدا توركیا ناچار بوو سازش بۆ ئێران بكات، ئەمەش وای كرد لە شوێنێكدا هەژموونی ئەنقەرە پەكی بكەوێت".

توێژەرەكە دەڵێ "شكستی توركیا سەرەتا لەوێوە دەستی پێكرد كە سەرۆك بارزانی سوور بوو لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی و سەركەوتووانەش ئەنجامی دا، لەم ڕووەوە توركیا شكستی هێنا لە بەكارهێنانی هەژموونی سیاسی و ئابووری و سەربازی خۆی لەسەر كوردستان".

هەروەها نووسیویەتی "لە ئەنجامی ئەو شكستەدا، توركیا بۆ ئەوەی بە دەستی بەتاڵ لێی نەچێتە دەرەوە، ناچار بوو پەنای بۆ ئێران برد و لە ئەژێندای ئەو وڵاتە نەیارەی نزیك بووەوە، ئەم نزیكبوونەوەیەی توركیاش بە خۆڕایی نەبوو، بەڵكو بەلایەنی كەمەوە لە ئەنجامی چەند سازشێكی ئەنقەرە بۆ تاران، ئێستە توركیا بە تەواوی دەمی داخستووە بەرانبەر هەژموونی حەشدی شیعیی ئێرانی لە عێراق".

دەشڵێ بە هۆی ئەم سازشەی توركیاوەیە كە ئەنقەرە بە تەواوی هەڵوێستی بەرانبەر حەشدی شیعی گۆڕاوە و تەنانەت كاتێ لە سنوورەكانی توركیاش نزیك دەبنەوە، ناچارە دەمی دابخات.









باسنيوز
Top