سەرۆکی فەلەستین: هەر کەسێک دان بە ئیسرائیل نەنێت نایکەینە وەزیر

 سەرۆکی فەلەستین: هەر کەسێک دان بە ئیسرائیل نەنێت نایکەینە وەزیر
سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینی مەرجی داننان بە ئیسرائیل بۆ دیاریکردنی وەزیرەکانی کابینەی نوێی حکوومەتەکەی، دادەنێت.



مەحمود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینی بە شاندێکی وەزیر و یاساداڕێژەرانی ئیسرائیلی راگەیاندووە، هەر حکوومەتێک لە فەلەستین دابمەزرێ، پێویستە پابەندی بنەماکانی رێکخراوی رزگاریخوازی فەلەستین بێت، کە دانی بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا ناوە.



رۆژنامەی (هارێتز)ی ئیسرائیلی ئەو لێدوانەی مەحمود عەباسی بڵاو کردووەتەوە و بووەتە هۆی دروستبوونی مقۆمقۆیەکی زۆر لەناو فەلەستینییەکانو پێیان وایە ئەو لێدوانە راست نییە، بەڵام سەرۆکایەتیی فەلەستین رەتی نەکردووەتەوە.



سەۆکی دەسەڵاتی فەلەستینی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە پێویستە ئەو کەسانەی وەک وەزیر لە کابینەی داهاتووی حکوومەتی فەلەستین دەستبەکار دەبن، ”بە ئاشکرا“ دان بە دەوڵەتی ئیسرائیلیدا بنێن.



ئەو لێدوانەی مەحمود عەباس لەکاتێک دایە، کە لایەنە فەلەستینییەکان بە تایبەت بزووتنەوەی بەرگریی ئیسلامیی فەلەستینی (حەماس) و بزووتنەوەی فەتح، کە عەباس سەرۆکایەتی دەکات، رێککەوتوون لەسەر تێکەڵکردنەوەی ئیدارەکان و پێکهێنانی حکوومەتی نوێ و هاوبەشی فەلەستینی.


باسنيوز
Top