سعودیە، ڕێگا نادەین حزبوڵڵایەکی دیکە لە یەمەن دروست ببێ

 سعودیە، ڕێگا نادەین حزبوڵڵایەکی دیکە لە یەمەن دروست ببێ
لە میانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەمیر محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە ڕایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک وڵاتەکەی ڕێگا نادات حزبوڵڵایەکی دیکە لە یەمەن دروست ببێ. بۆ ئەمەش جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە " شەڕی سعوودیە لە یەمەن بەردەوام دەبێت، تاکو ڕێگا لە بزووتنەوەی حوسییەکان بگرین، نەبێتە هێزێکی هاوشێوەی حزبوڵڵای لوبنانی و مەترسی لەسەر سنووری باشووری وڵاتەکەمان دروست بکات".

شازادەی جێشنینی سعوودیە دەڵێ: " بەردەوام دەبین لەم شەرەی یەمەن، دڵنیاش بن ڵێناگەڕێین حزبوڵڵا لەم وڵاتە دروست ببێت، چونکە یەمەن لە لوبنان ترسناکترە".

سەبارەت بە پێگە و بایەخی هەڵکەوتەی جوگرافیی یەمەن و مەترسی دروستبوونی حزبێکی لەم چەشنە، شازادە محەممەد ئاماژە بەوە دەکات کەوا " هەڵکەوتەی یەمەن زۆر گرنگە، بەو پێیەی بەسەر دەرووی بابولمەندەبدا دەڕوانێت. بۆیە هەر شتێکی نەخوازراو لەو ناوچەیە ڕوو بدات، لە سەدا دەی جووڵەی بازرگانی جیهانی دەوەستێت. واتە ئەمە قەیرانە سەرەکییەکەیە کە دەبێ ڕێ لە دروستبوونی بگرین"

شازادەی جێنشینی سعوودیە باس لەوە دەکات کە هاوشیوەی حزبوڵڵای لوبنانی، بزووتنەوەی حوسییەکانیش کۆمەک و هاوکاریی دارایی و سەربازی لە ئیران وەردەگرن. ئەم ددانپێدانانەی ئەو بەرپرسەی سعوودیە لەکاتێکدایە کە حزبوڵڵای لوبنانی، بە یارمەتی دارایی و کۆمەکی لۆجیستیی ئێران، بووەتە هێزێکی گەورە و مەترسیدار لە لوبنان و سووریا و هەڕەشە بۆ ئاسایشی ناوچەکە. هەر ئەمەشە وایکردووە کەوا ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا سێ بڕیاری توند و تایبەت بە سزادانی ئەم حزبە دەربکات.









باسنيوز
Top