مێركل: نامەوێ پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان لەگەڵ توركیا ببڕم
لە دیبەتێكی 97 خولەكیدا كە تاكە رووبەڕووبوونەوەی هەردوو كاندیدی سەرەكی پارتی سوسیال دیموكراتەكانی ئەڵمانیا، مارتین شولتس و سەرۆكوەزیرانە 12 ساڵییەكەی ئەڵمانیا و كاندیدی پارتی كرستیان دیموكراتەكان، ئەنگێلا مێركل نزیكەی یەك كاژێریان بە سیاسەتی دەرەوە بەخشی.
پاراستنی سنوورەكانی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا، پرسی پەنابەر و كۆچبەران و پەیوەندییەكانی ئەڵمانیا لەگەڵ ئەمریكا و توركیا مژاری سەرەكی گفتوگۆی هەردوو پاڵێوراوە سەرەكییەكەی ئەڵمانیا بوون.
لەبارەی كردنەوەی سنوورەكانی ئەڵمانیا لە ئەیلولی ساڵی 2015 بەڕووی كۆچبەراندا ، مارتن شولتس رەخنەی تووندی لە مێركل گرت و دەڵێ "بەبێ هاوئاهەنگی لەگەڵ دراوسێیە ئەوروپییەكان سنووری كردەوە". مێركلیش گۆتی"بارودۆخێكی دراماتیكی زۆر خراپبوو. هەنگاریا ئامادەی هاوئاهەنگی نەبوو و حكومەتی ئەڵمانیاش بەپێی دەستوور بڕیاریداوە".
سەبارەت بە رێككەوتنی یەكێتی ئەوروپا لەگەڵ توركیاش بۆ كەمكردنەوەی شەپۆڵی كۆچبەران بەرەو ئەوروپا مێركل گوتی "من وەك پێشووتریش ئەو رێككەوتنە بە تەواو دروست دەبینم".
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا مژارێكی دیكەی دیبەتەكە بوو، مارتن شولتس دەڵێت "نازانی كەی تویتێكی دیكە بڵاودەكاتەوە". سەبارەت بە قەیرانی كۆریاش لەوبڕاویەدایە كە ترەمپ "بە سەریدا زاڵ دەبێت". ئەنگێلا مێركلیش گوتی "هەموو شتێك دەكەم بۆ ئەوەی رێگری بكەم لە جەنگ ". بەڵام مێركل نەیشاردەوە كە "جیاوازی گەورەیان لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا" هەیە.
رۆژی 24ی ئەیلوولی2017 هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەڵمانیا ئەنجامدەدرێت و نزیكەی 61 ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەیە. چانسی پارتەكەی ئەنگێلا مێركل زۆرە كە رێژەیەكی زۆر لە دەنگەكان قازانج بكات ، بەڵام پێویستی بەلانیكەم بە حیزبێكی دیكە دەبێ بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت. كابینەی ئێستای مێركل بە هاوپەیمانی لەگەڵ پارتەكەی مارتن شولتس پێكهاتووە.
رووداو
