ئەمریکا لەسەر گواستنەوەی چەکدارانی داعش بۆ سەر سنوورەکانی عێراق هاتە دەنگ

 ئەمریکا لەسەر گواستنەوەی چەکدارانی داعش بۆ سەر سنوورەکانی عێراق هاتە دەنگ
نوێنەری تایبەتیی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دژی داعش، بەرامبەر بە گواستنەوەی چەکدارانی داعش لە سنوورەکانی سووریا و لوبنانەوە بۆ سنوورەکانی عێراق هاتە دەنگ.



برێت مەکگۆرک، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) ئاماژەی بەوە کرد کە تیرۆریسته‌كانی داعش پێویسته‌ هه‌ر له‌ گۆڕه‌پانی شه‌ڕدا بكوژرێن و دووپاتی کردەوە: ”نەک بەبێ ڕەزامەندیی عێراق، به‌ پاس له‌ سوریاوە بۆ سه‌ر سنووره‌كانی عێراق بگوازرێنەوە“.



ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمان هاوکاریی یەکتر دەکەن بۆ ئەوەی هەرگیز ئەم تیرۆریستانە بۆ ناو عێراق نەگەڕێنەوە و ڕای گەیاند: “تیرۆریستان ناتوانن له‌ چاره‌نووسی بێ هیوای خه‌لافه‌ته‌كه‌یان ڕا بكه‌ن”.





دوێنێ سێشەممە 29/8/2017، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان نیگەرانیی خۆی لەو ڕێککەوتنە دەربڕی و بە ”مامەڵەیەکی گوماناوی“ی نێوان ئەو دوو لایەنەی لەقەڵەم دا، هیواشی خواست ”لایەنە پەیوەندیدارەکان“ هەڵوێستی جددیان لەبەرامبەر ئەو کردەوەیە هەبێت.



دواتر حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە وتاری هەفتانەیدا ڕای گەیاند، گواستنەوەی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر سنووری نێوان عێراق و سووریا ”مایەی هەڕەشەیە بۆ سەر گەلی عێراق“.



کەمێک لەمەوبەر، د. ئومێد سەباح، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بەرامبەر ئەو کردەوەیە هاتە دەنگ و ئاشکرای کرد، بە هەمان ئەو سیناریۆیەی دەزانن کە لە ساڵی 2014دا جێبەجێ کرا و جەختی لەسەر هاوکاریکردنی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێک کرد.



بەپێی رێککەوتنی حزبوڵلای لوبنانی و داعش بە ئاگاداریی رژێمی سووریا، رێگا بە زیاتر لە 600 چەکداری داعش لەناو خاکی لوبنان لەسەر سنووری سووریا لە ناوچەی قەلەموون دراوە ئەو ناوچەیە بەجێ بهێڵن و لە شاری دێرەزوور لەسەر سنووری عێراق جێگیر ببن.


باسنیوز
Top