كۆچکردن له‌ ئه‌مەریكاوه‌ بۆ كه‌نه‌دا چوار هێنده‌ زیادی كردووه‌

 كۆچکردن له‌ ئه‌مەریكاوه‌ بۆ كه‌نه‌دا چوار هێنده‌ زیادی كردووه‌
له‌ مانگی ته‌مووزی رابردوودا بە بەراورد بە مانگی پێشووتر، ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ ئه‌مەریكا به‌ ڕێگای نایاسایی كۆچیان كردووە بۆ كه‌نه‌دا و داوای مافی په‌نابه‌ریەتیان كردووە، چوار هێنده‌ زیادی كردووه‌.

وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران و هاووڵاتیبوونی كه‌نه‌دا رایگه‌یاند له‌ مانگی ته‌مووزدا سێ هه‌زار و 135 كه‌س له‌ ئه‌مەریكاوه‌ به‌ ڕێگای نایاسایی خۆیان گه‌یاندووه‌ته‌ كه‌نه‌دا و داوای مافی په‌نابه‌ریەتییان كردووه‌.

به‌پێی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌، له‌ مانگی ئایاردا 742 كه‌س و له‌ مانگی حوزه‌یراندا 884 كه‌س له‌ ئه‌مەریكاوه‌ بە هەمان مه‌به‌ست روویان له‌ كه‌نه‌دا كردووه‌.

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران و هاووڵاتیبوونی كه‌نه‌دا، لویس دوماس له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، ئه‌و کەسه‌ی داوای مافی په‌نابه‌ریەتی له‌ كه‌نه‌دا ده‌كەن، مۆڵه‌تی مانه‌وه‌ی هه‌میشه‌یی پێنادرێ و به‌ گرنگییه‌وه‌ جه‌خت له‌مه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌.

له‌ ١ی كانوونی دووه‌می ئه‌مساڵه‌وه‌ تاکو ١ی ته‌مووز، حه‌فت هه‌زار و 500 كه‌س به‌ڕێگه‌ی نایاسایی خۆیان گه‌یاندووه‌ته‌ كه‌نه‌دا و داوای مافی په‌نابه‌ریەتییان كردووه‌. شه‌ش هه‌زار و 580 له‌و كه‌سانه‌ ته‌نها له‌ ڕێگه‌ی كوبێكه‌وه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ كه‌نه‌دا. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ ساڵی رابردوو له‌ كوبێكه‌وه‌ پێنج هه‌زار و 505 كه‌س گه‌یشتبوونه‌ كه‌نه‌دا.

به‌پێی راگه‌یه‌نراوی پۆلیسی كوبێك، ته‌نها له‌ ماوه‌ی 15 رۆژی سه‌ره‌تای مانگی ئابدا سێ هه‌زا و 800 كه‌س كه‌ به‌ڕێگای نایاسایی هه‌وڵیانداوه‌ له ئه‌مریكاوه‌ له‌ڕێگای كوبێكه‌وه‌ بگه‌نه‌ كه‌نه‌دا، ده‌ستبه‌سه‌ركراون.

زۆرینه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ ئه‌مریكاوه‌ ده‌یانه‌وێت بگه‌نه‌ كه‌نه‌دا، هاووڵاتییانی وڵاتی هائیتین و مەترسی ئەوەیان هەیە كه‌ سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ بڕیاری دیپۆرت کردنیان بۆ دەربکات.










باسنيوز
Top