فەرماندەیەکی ئەمریکی: رووسیا دەتوانێ لە سووریا وەدەرمان بنێت
جەنەڕال رایمۆند تۆماس، فەرماندەی هێزە تتایبەتەکانی ئەمریکا (کۆماندۆ) لە کۆنگرەیەکی ئاسایشی لە ویلایەتی کۆلۆڕادۆی ئەمریکا، رایگەیاندووە: هێزەکانی سوپای رووسیا بەشێوەیەکی یاسایی و بە لەسەر داوای رژێمی سووریا، لەو وـڵاتە جێگیر بوون.
جەنەڕال رایمۆند تۆماس پێیوایە بەهۆی ئەوەی هێزەکانی رووسیا بەشێوەیەکی یاسایی لە سووریا جێگیر بوون و بەپێی یاسای نێودەوڵەتی و رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان، ”دەسەڵاتی ئەوەیان هەیە هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا دەربکەن“.
ئەو فەرماندەیەی ئەمریکا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە هەردوو وڵاتی ئەمریکا و رووسیا شەڕی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریا دەکەن، بەڵام هەردوولا پشتیوانیی گرووپی جیاجیا دەکەن، کە مەرام و ئامانجی جیاجیایان هەیە.
رووسیا لە سەرەتای شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، بە ناردنی چەک و سەرباز، هاوکاریی رژێمی سووریا دەکات و بە توندی دژایەتی ئەو گرووپ و دەوڵەتانە دەکات، کە داوای رووخاندنی رژێمی سووریا و دوورخستنەوەی بەشار ئەسەدی سەرۆکی رژێم دەکەن.
هەروەها ئەمریکا پشتیوانیی هێزەکانی سووریای دیموکراتی دەکات، کە هێزێکی ئۆپۆزیسیۆنی سووریایە و بۆ شەڕی دژی داعش پێکهێنراوە.
شەڕی ناوخۆیی سووریا لە مانگی ئاداری 2011ـەوە لە نێوان گرووپە چەکدارییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و رژێمی ئەو وڵاتە دروست بووە و بووەتە هۆی کوژرانی لانی کەم 400 هەزار هاووڵاتیی و ئاوارەبوونی زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسی دیکە.
باسنيوز
