فلیپین.. بەھۆی شەڕی داعشەوە باری نائاسایی درێژ کرایەوە
پەیجی (دژەتیرۆری کوردستان)، بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ شەممە 22/7/2017 لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجومەنی نوێنەران و پیراندا ئەندامانی کۆنگرێسی فلیپین، رەزامەندییان لەسەر داواکاری رۆدریگۆ دۆتێرتی، سەرۆکی ئەو وڵاتە داوە بۆ درێژکردنەوەی باری نائاسایی لە مینداناو تا رۆژی ٣١ی کانونی یەکەمی ٢٠١٧.
دەنگدانی کۆنگرێس، دوای دوو مانگ لە شەڕ و پێکدادانی سوپای فلیپین لەگەڵ توندڕەوان دێت، بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری ماراوی کە ئێستا لە ژێر دەستی چەکدارانی سەر بە رێکخراوی تیرۆریستیی داعشە.
دۆتێرتی، سەرۆکی فلیپین، پێشتر باری نائاسایی بۆ ماوەی ٦٠ رۆژ لە مینداناو راگەیاند، دوای شەڕ و پێکدادانەکانی رۆژی ٢٣ی ئایار لە شاری ماراوی، کە ئەو کات ئاڵاکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، لە سەر بەشێکی شارەکە بەرزکرایەوە و بووە ھۆی ھەڵگیرسانی شەڕێکی خوێناوی لە شارەکە و دانیشتوانەکەی ئاوارەبوون.
باسنيوز
