میسر گەورەترین سەربازگە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا بونیاد دەنێت

میسر گەورەترین سەربازگە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا بونیاد دەنێت
کۆماری میسری عەرەبی گەورەترین سەربازگە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا دروست دەکات.

رۆژی شەممە 22\7\2017، عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆکی میسر بە ئامادەبوونی شیخ محەمەد بن زایدی شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی، سەلمان بن حەمەد ئال خەلیفەی شازادەی جێنشینی بەحرێن، خالید فەیسەڵی میری مەککە، شێخ محەمەد خالید حەمەد ئەلسوباحی وەزیری بەرگریی کوێت و مشیر خەلیفە حەفتەری فەرماندەی سوپای نیشتمانیی لیبیا، سەربازگەی محەمەد نەجیبی کردەوە.

سەربازگەی محەمەد نەجیب، کە دەکەوێتە پارێزگای مەتروح لە باکووری رۆژئاوای میسر، بە گەورەترین سەربازگە لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کیشوەری ئەفریقیا دادەنرێت، کە هەموو جۆرە چەکێکی گەورەی بەرگریی و هێرشبردن و 20 هەزار سەرباز لەخۆ دەگرێت.

عەبدولفەتاح سیسی لە وتارێکدا لە مەراسیمی کردنەوەی سەربازگەکە، رایگەیاندووە: چەند لایەنـێک چەند ملیار دۆلارێک بۆ وێرانکردنی میسر خەرج دەکەن و پاڵـپشتیی تیرۆر لە ناو ئەو وڵاتە دەکەن، و وەک ئاماژەیەک بۆ قەتەر.

میسر رەوتی ئیخوان موسلیمینی جیهانی، کە قەتەر پاڵپشتی دەکات، وەک رێکخراوێکی تیرۆرستی ناساندووە و بەهۆیەوە لەگەڵ سعودیە، ئیمارات و بەحرێن، بڕیاریان دا هەموو پەیوەندییەکانیان لەگەڵ قەتەر بپچڕێنن.

سەربازگەکە بە ناوی لیوا محەمەد نەجیب، یەکەم سەرۆکی میسر لە دوای شۆڕشی تەمموزی 1952، ناونراوە.












باسنيوز
Top