ئەمیری قەتەر: ئامادەین کێشەکان لەگەڵ سعودیە بە گفتوگۆ چارەسەر بکەین

 ئەمیری قەتەر: ئامادەین کێشەکان لەگەڵ سعودیە بە گفتوگۆ چارەسەر بکەین
ئەمیری قەتەر جۆرێک لە نەرمی بەرامبەر چوار وڵاتە عەرەبییەکە دەنوێنێت.



شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، ئەمیری قەتەر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا سوپاسی کوێتی کرد بۆ هەوڵدان بۆ نیوەندگیریی نێوان قەتەر و چوار وڵاتە عەرەبییەکە و هیوای خواستووە کوێت لە هەوڵەکانی ”سەرکەوتوو بێت“.



شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی ئامادەیی قەتەری بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ چوار وڵاتە عەرەبییەکە و چارەسەرکردنی کێشەکان نیشان داوە و رایگەیاندووە: ”بەڵام پێویستە چارەسەکردنەکە گەرەنتیی دووبارە نەبوونەوەی ئەم شێوازەی دژایەتیکردنی قەتەر، بکات“.



ئەمیری قەتەر داوای لەو چوار وڵاتە کردووە، کە پێویستە خەڵکی ئاسایی و هاووڵاتییان لە ناکۆکییە سیاسییەکان دوور بخرێنەوە.



پێشتر بەرپرسانی قەتەر داوای پچڕاندنی پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتەیان لەگەڵ ئێران و رەوتی ئیخوان موسلیمینی جیهانی رەت کردبووەوە و ئاماژەیان بەوە کردبوو، کە گفتوگۆ لەبارەی ئەو داوایانەوە ناکەن.



رۆژی دووشەممە 5.6.2017، بەهۆی “بوونی پەیوەندیی قەتەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران و دروستکردنی مەترسیی تیرۆر و توندڕەوی لەسە وڵاتەکانیانەوە”، هەر چوار وڵاتی سعودیە، میسر، ئیمارات و بەحرێن بڕیاریان دا هەموو پەیوەندییەکانیان لەگەڵ قەتەر بپچڕێنن.



قەتەر وڵاتێکی کەنداوی عەرەبییە، ژمارەی دانیشتووانەکەی (بەپێی ویکیپێدیا) یەک ملیۆن و 800 هەزار کەسە، کە 300 هەزاریان هاووڵاتیی ئەو وڵاتەن و یەک ملیۆن و 500 هەزار کەسیش بێگانەن و مافی نیشتەجێبوونیان لە قەتەر وەرگرتووە.

باسنيوز
Top