ئەڵمانیا هێزەکانی لە تورکیا دەکێشێتەوە
ئەو هێزەی سوپای ئەڵمانیا، کە ژمارەیان 250 سەرباز و ئەفسەرە، لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە بنکەی سەربازیی ئاسمانیی ئینجەرلیک لە پارێزگای ئەدەنە لە باشووری رۆژئاوای تورکیا، جێگیر ببوون.
رۆژی یەکشەممە 9.7.2017، ئەڵمانیا سەربازەکانی لە بنکەی ئینجەرلیک کێشاوەتەوە، دوای ئەوەی لە مانگی 6ـی 2017 پەرلەمانی ئەڵمانیا بڕیاری کشاندنەوەی هێزەکانی پەسەند کرد.
کشاندنەوەی ئەو هێزانەی ئەڵمانیا لە بنکەی سەربازیی ئاسمانیی ئینجەرلیک بەهۆی رێگریکردنی حکوومەتی تورکیا بوو لە ژمارەیەک پەرلەمانتاری ئەڵمانی، کە بە نیازبوون سەردانی سەربازانی وڵاتەکەیان لە ئینجەرلیک بکەن.
ئەو هێزانە وەک پێشتر بریاری لەبارەوە درابوو، گواستراونەتەوە بنکەی سەربازیی ئەزرەق لە ئوردن.
باسنیوز
