ئێران لە لایەن ئیدارەی ترەمپەوە گوشارەكانی سەری زیاتر دەكرێن
دوو بەرپرسی باڵای ئەمریکا دەڵێن، ئیدارەی ترەمپ هەموو هەوڵێک دەدات بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و گوشارەکانی بۆ سەر تاران زیاتر دەکات.
ماڵپەری رووداو بڵاویكردۆتەوە كە پێش سێ ساڵ ئۆباما رایگەیاند، سیاسەتی ئەمریکا گۆڕینی دەسەڵات نییە لە ئێران. بەڵام ئیدارەی ترەمپ کار لەسەر ئەوە دەکات، جگە لە بەرتەسککردنەوەی رۆڵی ئێران لە ناوچەکەدا، دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیش لە ئێران بگۆڕێت.
گۆڤارێکی ئەمریکی دەڵێت، ئەمریکا خەریکی دووبارە داڕشتنەوەی سیاسەتێکی ورد و خێرایە بەرامبەر ئێران، بەجۆرێک نەک تەنیا دەست و هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا کەمبکاتەوە، بەڵکو هەوڵدات حکومەتی ئێران، کە ئەو بەرژێم ناوی هێناوە، بگۆڕێت.
میدیاکانی ئەمریکا دەڵێن، ترەمپ تەواو پێچەوانەی ئیدارەی پێشوو و گوتەکانی ئۆبامایە لە بەرامبەر ئێران، بەتایبەت کە ساڵی 2013 ئۆباما گوتی: هەوڵی گۆڕینی رژێمی ئێران نادەن.
تۆم کۆتۆن، سیناتۆری ئەمریکی دەڵێت، دەبێت سیاسەتی واشنتن هەوڵی گۆڕینی رژێمی ئێران بێت، چونکە وەک کۆتۆن دەڵێت: تا ئەو دەسەڵاتە لە ئێران مابێت ئەمریکاش سەلامەت نییە.
پێشتر ریکس تیلەرسن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتبووی، سیاسەتیان بەرامبەر ئێران لە داڕشتنەوەدایە، دەبێت لەگەڵ گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران کار بکەن بۆ گۆڕینی دەسەڵات لە ئێران.
محمد سلێمان
