ئەمریکا پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتییانی 6 وڵاتی ئیسلامی سەخت دەکات
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی (ئەسۆشییتد پرێس)، رۆژی پێنجشەممە 29.6.2017، بڕیارەکە چووەتە واری جێبەجێکردنەوە و هاووڵاتییانی هەر شەش وڵاتی ئێران، سووریا، لیبیا، سوودان، سۆماڵ و یەمەن دەگرێتەوە.
بڕیارەکە لەلایەن دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکاوە دەرچووە و دوای راگرتنی بڕیارەکەش لەلایە داواکاری گشتیی ئەمریکاوە، جارێکی دیکە دادگا بڕیاری دا کار بە بەشێکی بڕیارەکەی سەرۆکی وڵات بکات،
بەپێی بڕیارە نوێیەکە، ئەو کەسەی خەڵکی ئەو شەش وڵاتە عەرەبی و ئیسلامیی بێت، ئەگەر داوای ڤیزای ئەمریکا بکات، دەبێ کەسێکی نزیکی وەک دایک، باوک، برا، خوشک، هاوسەر، کوڕ و کچی پێگەیشتوو، زاوا یان هاوسەری کوڕی ئەمریکی بێت و بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاشی بسەلمێنێت کە ئەوانە خزمی ئەون.
هەروەک ئاژانسەکە بڵاوی کردووەتەوە، باووباپیران و مامەکان بە خزم هەژمار ناکرێن و کەس ناتوانێ بەهۆیانەوە داوای ڤیزای ئەمریکا بکات.
رۆژی هەینی 27/1/2017، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیارێکی دەرکرد، کە بەهۆیەوە هاووڵاتییانی وڵاتانی عێراق، سووریا، ئێران، سوودان، لیبیا، سۆماڵ و یەمەن لە وەرگرتنی ڤیزای ئەمریکی بێ بەش بوون و ناتوانن بۆ ماوەی سێ مانگ گەشتی ئەمریکا بکەن و دواتر عێراق لەناو ئەو لیستە دەرهێندرا.
باسنیوز
