ئێران: هەندێک کەس لە ناوخۆی ئێرانەوە هاوکاریی دوژمن دەکەن
سادق ئامولی لاریجانی لە دانیشتنێکدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای دەزگای دادوەریی ئێران جارێکی دیکە جەختی کردووەتە کە هەندێک کەس لە ناوخۆی وڵاتەوە هاوکاری و یارمەتیی ئەمریکا دەکەن و ئەم پرسەش چەند ڕەهەندی هەیە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خەریکە پەرە دەستێنێت.
سەرۆکی دەزگای دادوەریی ئێران لەم بارەوە ئاماژەی بە ناوی هیچ کەس و لایەنێک نەکردووە، بەڵام نیشانەکانی دوژمنی و هاوکاری بە پەسەندکردنی گەرمارۆی نوێی ئەمریکا لەدژی ئێران، هەروەها سەفەری ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپ بۆ سعوودیە کردووە.
لە درێژەی گوتەکانیدا ڕاشیگەیاند "بەداخەوە هەندێ کەس لەناو ئێرانەوە چرای کەسکیان بۆ دوژمنان هەڵکردووە و بە ناردنی هەندێ سیگناڵ بوونەتە هۆی هاندانیان، هەندێ لەم دوژمنانە هەڵگەڕاوەن، هەندێکیان گەندەڵی سەرزەوین و هێزە ئەمنییەکان و بەتایبەتی وەزارەتی ئیتلاعات و سوپای پاسداران دەبێ بەتەواوەتی وشیار بن و ئەم جۆرە گرووپانە بدۆزنەوە و لەناویان بەرن".
باسنيوز
