وەزارەتی بەرگریی قەتەر: هێزێکی سوپای تورکیا گەیشتە دەوحە

 وەزارەتی بەرگریی قەتەر: هێزێکی سوپای تورکیا گەیشتە دەوحە
هێزێکی سوپای تورکیا گەیشتە گەقەتەر و لە سەربازگەیەکی پایتەختی قەتەر جێگیر کرا.



بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی بەرگریی قەتەر، هێزەکەی سوپای تورکیا رۆژی یەکشەممە 18.6.2017 گەیشتووەتە قەتەر، بەبێ ئەوەی ژمارەیسەربازەکان ئاشکرا بکات.



ئەو هێزە لە سەربازگەی تاریقی کوڕی زیاد لە دەوحەی پایتەختی قەتەر جێگیر کراون و دەستیان بە مەشقی سەربازیی چۆنێتیی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان کردووە.



ناردنی ئەو هێزە سوپای تورکیا بۆ قەتەر لە کاتێک دایە، کە ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی، کە سعودیە و میسر دیارترینیانن، بەهۆی ”پشتگیریکردن لە تیرۆر و بوونی پەیوەندیی بە ئێران“، هەموو پەیوەندییەکانیان لەگەڵ قەتەر پچڕاند و ئەو وڵاتەیان بە داڵدەدانی سەرانی ئیخوان موسلیمین تۆمەتبار کرد.



دوای تێکچوونی پەیوەندییەکانی قەتەر و وڵاتە عەرەبییەکان، تورکیا، کە لەلایەن پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)ی سەر بە ئیخوان موسلیمین رێبەرایەتی دەکات، پشتیوانیی خۆی بۆ قەتەر راگەیاند.



بەپێی زانیارییەکان، پێشتریش 130 سەربازی تورکی لە سەربازگەیەکی قەتەر جێگیر کرابوون.


باسنیوز
Top