جۆن مەکین: ئێستا کاتی گۆڕینی رژێمی ئێرانە

 جۆن مەکین: ئێستا کاتی گۆڕینی رژێمی ئێرانە
سەرۆکی لێژنەی هێزە چەکدارەکان لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، کە ئێستا کاتی گۆڕینی رژێمی ئێرانە.



ئێوارەی رۆژی شەممە 17.6.2017، جۆن مەکین، سیناتۆری کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی پیران لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنەکەدا، کە بە ئامادەبوونی رەزای کوڕی محەمەد رەزا شای پێشووی ئێرانی ئەنجام درا، رایگەیاندووە، رژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەست لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە وەردەدات و پاڵپشتیی تیرۆر دەکات.



جۆن مەکین هەروەها رایگەیاندووە، پرسی گۆڕینی رژیمی ئێرانی ”پرسێکی یەکجار گرنگە و ئێستا کاتیەتی“ بۆ چەسپاندنی دیموکراتیەت لە ئێران و دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و کراوە لەو وڵاتەدا.



ئەو سیناتۆرە ئەمریکییە پێیوایە دروستکردنی رێڕەوێک لە تارانەوە بۆ لوبنان ”کارێکی زۆر ترسناکە“ و ئیدارەی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ هەموو لایەک کار دەکات بۆ دۆزینەوەی شێوازێکی نوێ بۆ دژایەتیکردنی ئێران.



مەلاکانی ئێران بە رێبەرایەتیی روحوڵڵا خومەینی، مەرجەعی باڵای شیعەکان و دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ساڵی 1979 شۆڕشیان لە دژی رژێمی شاهانەی وڵاتەکەیان کردس و حوکمی ئەو وڵاتەیان گرتە دەست و سیستەمی سیاسیی وڵاتیان لە شاهانەییەوە بۆ کۆماری گۆڕی.



باسنیوز
Top