کۆنگرێسی ئەمریکا بەشێک لە گرێبەستی فرۆشتنی چەکوچۆڵ بە سعوودیەی پەسەند کرد
بەپێی زانیاریی میدیاکانی ئەمریکا لایەنگرانی ئەو گرێبەستە ڕایانگەیاندووە فرۆشی ئەو چەکوچۆڵانە ڕێگری لە پێگەی ئێران لە ناوچەکە دەگرێت، لە بەرانبەردا دژبەران ڕەخنەیان لە سعوودیە و هەڵسوکەوت و چالاکییەکانی گرتووە.
دانیشتنی دوێنێ سێشەممە 2017/6/13 بە 53 دەنگی بەڵێ لە بەرانبەر 47 دەنگی نا، سەرەنجام لە کۆنگرێس بەشێک لە گرێبەستی فرۆشتنی چەکوچۆڵ بە سعوودیە کە بڕەکەی 500 ملیۆن دۆلارە پەسەند کرا.
دژبەرانی ئەم گرێبەستە پێیان وایە، لەوانەیە سعوودیە لەو چەکانە لە شەڕەکانی یەمەن و کوشتنی هاووڵاتیان سڤیل کەڵکیان لێ وەربگرێت. باراک ئۆباما سەرکۆماری پیسووی ئەمریکا پێشتر فرۆشتنی بۆمبی هۆشمەند بۆ سعوودیەی ڕاگرتبوو، ئەم بڕیارە پاش ئەوە هاتووە کە دەیان هاووڵاتیی سڤیل لە ئەنجامی هێرشێکی هاوپەیمانیی عەرەبی لە یەمەن کوژران.
لەلایەکی دیکەشەوە دۆنالد ترەمپ سەرکۆماری ئەمریکا گرێبەستی چەکوچۆڵ لەگەڵ سعوودیە بە بووژانەوەی ئابووری و بردنەسەری دەرفەتی کار و پیشە لەقەڵەم داوە.
ئەم گرێبەستانە لە کاتی سەفەری ترەمپ بۆ سعوودیە جێبەجێ کراون کە بووە هۆی کاردانەوەی ئێران و بە ناسەقامگیریی ناوچەکەیان وەسف کردووە.
پاش سەفەری ترەمپ بۆ سعوودیە و ئیسرائیل، خەریکە جۆرێک لە هاوپەیمانیی عەرەبی لەدژی ئێران دروست دەبێت و لە بەرانبەریشدا ئێران ڕۆژ لەدوای ڕۆژ هەڕەشە و گوڕەشەکانی لەدژی سعوودیە زیاتر کردووە.
باسنیوز
