قەتەر: پابەندین بە چارەسەرکردنى قەیرانەکانى کەنداو لە ڕێگەى گفتوگۆوە

قەتەر: پابەندین بە چارەسەرکردنى قەیرانەکانى کەنداو لە ڕێگەى گفتوگۆوە
وەزیری دەرەوەی قەتەر ڕایگەیاند، وڵاتەکەی پابەندە بە چارەسەرکردنی قەیرانی کەنداو لە نێوان وڵاتانی ئەنجومەنی کەنداودا لەڕێگەی گفتوگۆوە.

محەمەد بن عەبدولرەحمان ئالسانی وەزیری دەرەوەی قەتەر لە روسیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی رێکەوتنی سەربازی لەگەڵ چەند وڵاتێکی هاوپەیمانی وەک تورکیا و فەڕەنسا و بەریتانیادا هەیە و رەتیشیکردەوە داوایان لە پاکستان کردبێت هێزی سەربازی بۆ وڵاتەکەی بنێرێت.

وەزیری دەرەوەی قەتەر ڕەخنەی لە ڕێو شوێنەکانی دژی وڵاتەکەی گرت و ئاماژەی بەوەکرد "قەتەر بڕوای وایە دەبێت قەیرانی کەنداو لە نێوان وڵاتانی کەنداودا لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارەسەربکرێت".

سەبارەت بە لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپ کە قەتەری بە پاڵپشتیکردنی تیرۆر تۆمەتبارکردبوو، محەمەد ئالسانی سەرسامی لە لێدوانەکی سەرۆکی ئەمریکا دەربڕی و رەخنەشی لە واشنتۆن گرت کە لە سەرچاوەی زانیارییەکانیدا پشتی بە زانیاری وڵاتی دیکە بەستووە لە کاتێکدا واشنتۆن و دەوحە چەندین رێگەی گفتوگۆیان لەنێواندا هەیە.

دوای ئەوەی هەریەکە لە سعودییە و ئیمارات و بەحرەین و میسر پەیوەندیییەکانیان لەگەڵ وڵاتەکەیدا پچڕاند، وەزیری دەرەوەی قەتەر سەردانی دیبلۆماسی بۆ چەند وڵاتێکی ئەوروپا و ئاسیا ئەنجامدا.




العربية
Top