مێرکڵ: پێویستە کاربکرێت بۆ هێورکردنەوەی قەیرانی قەتەر

مێرکڵ: پێویستە کاربکرێت بۆ هێورکردنەوەی قەیرانی قەتەر
راوێژکاری ئەڵمانیا رایدەگەیەنێت نیگەرانە لەو دۆخەی لەقەتەر هەیەو دەڵێت، پێویستە وڵاتانی کەنداو و تورکیاو ئێران کاربکەن بۆ هێورکردنەوەی ئەو قەیرانەو دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەو ململانێ هەرێمایەتییە.

ئەنگێلا مێرکڵ، کە ئێستا بەسەردانێک لە شاری مەکسیکۆ سیتییە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ سەرۆکی مەکسیک لەبارەی قەیرانی وڵاتانی کەنداو و قەتەر رایگەیاند، چارەسەرکردنی دۆخەکە ئەستەم دەبێت ئەگەر هەموو لایەنە هەرێمایەتییەکان بەشداری تێدا نەکەن، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئێران و تورکیا و قەتەر.

ناوەڕاستی هەفتەی رابردوو میسرو عەرەبستانی سعودیەو بەحرەین و ئیمارات و ژمارەیەكی دیكەی وڵاتان پەیوەندیە دیپلۆماتییەكانیان لەگەڵ قەتەر پچراندو سنورەكانیان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا داخست، تۆمەتباریان كرد بە "پشتیوانیكردن لەتیرۆر" و دۆستایەتی لەگەڵ ئێران، ئەو رووداوەش کاردانەوەی جیهانی لێکەوتەوە.

لەو چوارچێوەیەشدا دوێنێ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكان ئەمەریكا رایگەیاند، كاتی ئەوە هاتووە داوا لە قەتەر بكرێت واز لە كۆمەككردن و پشتیوانییەكانی بۆ تیرۆرو ئایدۆلۆژیە توندڕەوەكان بهێنێت، "قەتەر مێژوویەكی هەیە لە پشتیوانیكردنی تیرۆرستان، بەداخەوە هەمیشە ئەو كۆمەكانە لە ئاستێكی باڵادابووە".

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا مێرکڵ وتی "پێویستە بەدوای چارەسەرێکی سیاسییدا بۆ ململانێکان بگەڕێین، وەک دۆخی سوریا، لیبیا یاخود دۆخی عێراق، چارەسەر روودانات ئەگەر یاریکەرە سەرەکییەکانی ناوچەکە لە گفتوگۆکاندا بەشدار نەبن، بەهەمان شێوە بۆ قەتەریش، ئەوەش تورکیا و ئیران لەخۆ دەگرێت."

مێرکڵ باسی لەوەش کرد، کە هاوسەنگیی هێز پێویستە بەوریاییەوە لە هەرێمەکەدا دەسته‌بەربکرێت، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە رووبەرووبوونەوەی تیرۆر لە ئەجێندای کۆبوونەوەی لوتکەی 20وڵاتە بەهێزەکە دەبێت کاتێک لە مانگی داهاتوودا لە هامبۆرگ کۆدەبنەوە.




خه‌ندان
Top