ئەمیری قەتەر خانووێک لە تاران دەکڕێت و بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ، بە نیازی هەڵاتنە بۆ تاران
ماڵپەڕی (سپۆتنیک) بەڵگەنامەیەکی "نهێنی و بەپەلە"ی رۆژی 5.6.2017ـی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر و وێنەی خانووێکی بڵاو کردووەتەوە، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەستی کەوتووە.
ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە باڵیۆزخانەی قەتەر لە تاران خانووێکی بۆ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، ئەمیری قەتەر کڕیوە.
عەلی بن عەبدوڵڵا، راوێژکاری خاتوو نەوف بنت ئەعمەد ئال سانی، کەسێکی بنەماڵەی میرانی قەتەر و ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر رایگەیاندووە، کە کڕینی ئەم خانووە نیشانەی "هەڵاتن"ی تەمیم بن حەمەد ئال سانییە بۆ ئێران.
دەنگۆی کڕینی ئەو خانووە لە تاران لەلایەن ئەمیری قەتەرەوە، دوای ئەوە دێت، کە رۆژی دووشەممە 5.6.2017، بەهۆی بوونی پەیوەندیی قەتەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران و دروستکردنی مەترسیی تیرۆر و توندڕەوی لەسە وڵاتەکانیانەوە، هەر چوار وڵاتی سعودیە، میسر، ئیمارات و بەحرێن بڕیاریان دا هەموو پەیوەندییەکانیان لەگەڵ قەتەر بپچڕێنن.
دوای ئەو چوار وڵاتە عەرەبییە، حکوومەتە هەڵبژێردراوەکانی یەمەن و لیبیا و دوورگەکانی مالدیڤ، مۆریتانیا و ئوردنیش بڕیاریان دا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ قەتەر بپچڕێنن.
باسنیوز
