بەهۆی ئێرانەوە چوار وڵاتی عەرەبی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ قەتەر دەپچڕێنن

 بەهۆی ئێرانەوە چوار وڵاتی عەرەبی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ قەتەر دەپچڕێنن
چوار وڵاتی کەنداوی عەرەبی و باکووری ئەفریقیا، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ قەتەر دەپچڕێنن.



بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی (شەرقولئەوست)ی سعودی، رۆژی دووشەممە 5.6.2017، هەر چوا وڵاتی سعودیە، میسر، ئیمارات و بەحرێن پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان لەگەڵ قەتەر، پچڕاندووە.



پچڕاندنی پەیوەندییەکان هاتوچۆکردنی کەشتی و ئامرازەکانی دیکەی گواستنەوەی قەتەری لە خاک و ئاوی ئەو چوار وڵاتە قەدەغە دەکات و لە فڕۆکەخانەکانیشیان هیچ گەشتێک بۆ قەتەر ئەنجام نادرێت، هاوکات گەشتی هاووڵاتییانی خۆیشیان بۆ قەتەر قەدەغە کردووە.



هەر چوار وڵات ماوەی 48 کاتژمێریان وەک مۆڵەت بۆ تیمی دیپلۆماسیی قەتەر لە وڵاتەکانیان دیاری کردووە، تاوەکو لە وڵاتەکانیان دەرچن و بگەڕێنەوە قەتەر.



هەروەک رۆژنامەکە باسی کردووە، هۆکاری پچڕاندنی پەیوەندییەکان لەگەڵ قەتەر پاراستنی ئاسایشی هەر چوار وڵاتە ”لە مەترسییەکانی تیرۆر و توندڕەوی“.



قەتەر، کە وڵاتێکی کەنداوی عەرەبییە، پێچەوانەی ئەو چوار وڵاتە، بەرگریی لە رەوتی ئیخوان موسلیمینی جیهانی دەکات و پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێرانی رکابەری وڵاتانی سعودیە، میسر، ئیمارات و بەحرێن پتەوە.



ماوەیەک پێش ئێستا لە ماڵپەڕە فەرمییەکانی قەتەرەوە پەیامێک بە ناوی میر تەمیم بن حەمەد ئال خەلیفە، میری قەتەر، پەیامێکی هاوسۆزی بۆ ئێران نێردرا لە دژی سعودیە و وڵاتانی کەنداوی عەرەبی و هەر ئەمەش بووە هۆکاری تێکچوونی پەیوەندییەکانی قەتەر و ئەو وڵاتانە.



باسنيوز
Top