ترەمپ: هەر چییەکمان پێبکرێت بۆ لەندەن و بەریتانیا دەیکەین

ترەمپ: هەر چییەکمان پێبکرێت بۆ لەندەن و بەریتانیا دەیکەین
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەدوای هێرشەکانی لەندەنەوە ڕایگەیاند، وڵاتەکەی هەرچییەکی پێ بکرێت بۆ هاوکاری لەندەن و بەریتانیا دەیکات.

شەوی ڕابردوو دوای هێرشەکانی لەندەن کە بووە هۆی کوژرانی نۆ کەس و برینداربوونی ٣٠ کەسی دیکە، ترەمپ لە هەژماری خۆی لە تویتەر وتی "هەر شتێک کە ئەمریکا بتوانێت بیکات بۆ هاوکاری لەندەن و بەریتانیا، لەوێ ئامادە دەبین. ئێمە لەگەڵتانین. خوا بتانپارێزێت".


ترەمپ لە هەمان کاتدا قسەی لەگەڵ تێرێزا مەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کرد و پشتگیری خۆی بۆ دووپاتکردەوە لە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکان و ڕووبەڕووکردنەوەی ئەنجامدەرانی هێرشەکان لە دادگا.

هاوکات لە تویتێکی دیکەدا ترەمپ وتی "پێویستە زیرەک و بە ئاگا و بەهێز بین. پێویستە دادگاکان مافەکانمان بدەنەوە. پێویستمان بە قەدەغەکردنی گەشتە وەک ئاستێکی زیادەی ئەمنی".

پۆلیسی بەریتانیا ئاماژەی بەوە کرد، شەوی ڕابردوو کاتژمێر ١٠ بەکاتی ئەو وڵاتە، لە لەندەن بریج ئۆتۆمبێلێک خۆی کردووە بەناو هاوڵاتیاندا و لە هەمان کاتدا ئاگادارکراونەتەوە بە ڕووداوێکی چەقۆلێدان لە هاوڵاتیان لە مارکێتی بۆرۆ.
هەروەها وتیشی، بەهۆی هەردوو ڕووداوەکەوە نۆ کەس کوژراون کە سیانیان تۆمەتباری هێرشەکان بوون، جگە لەوەش ٣٠ کەس ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون و ژمارەیەکی دیکەش لە شوێنی ڕووداوەکاندا چارەسەریان بۆ کراوە.

هاوکات بە وتەی پۆلیس، ئەو تۆمەتبارەی ئۆتۆمبێلە ڤانەکەی پێبووە، سەرەتا خۆی کردووە بەناو هاوڵاتیاندا و پاشان دابەزیوە و بە چەقۆ هێرشی کردووەتەسەر ژمارەیەک هاوڵاتی.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو تۆمەتبارانەی کە لەکاتی هێرشەکاندا کوژراون پشتێنی تەقینەوەیان بەستووە.


هەر بەهۆی ڕووداوەکەوە هێڵی شەمەندەفەری پردی لەندەن داخراوە تا کاتێکی نادیار و لە ئێستاشدا ژمارەیەکی زۆر پۆلیسی لێ جێگیرکراوە.

پۆلیس ڕایگەیاند کە وەک "هێرشی تیرۆرستی" مامەڵە لەگەڵ دوو ڕووداوەکەی یەکەمدا دەکەن، بەڵام ئەوەی سێیەم کە لە ڤۆکسهۆڵ بووە "تیرۆرستی" نەبووە.

تێرێزا مەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕووداوەکانی بە "سامناک" وەسف کرد ڕاشیگەیاند کە وەک "هێرشی تیرۆرستی" مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە شەوی ٢٢ی ئایاری ٢٠١٧، تەقینەوەیەک لە کۆنسێرتێکدا لە مانچستەر ڕوویدا کە بۆ ئاریانا گراند گۆرانیبێژی ئەمریکی سازکرابوو، لە ئاکامدا ٢٢ کەس کوژران و ٦٤ی دیکەش برینداربوون، کە منداڵیشیان تێدایە.

تەقینەوەکە لەلایەن سەلمان عوبەیدی تەمەن ٢٢ ساڵەوە ئەنجامدرا و دوای ڕووداوەکەش ژمارەیەک تۆمەتباری دیکە دەستگیرکران کە دووان لەوانە باوک و برای ئەنجامدەری تەقینەوەکە بوون.


سەرچاوەی هەواڵ: Nrt
جگە لەم دوو هێرشەش، لە ناوچەی ڤۆکسهۆڵیش ڕووداوێکی چەقۆی دیکە ڕوویداوە، بەڵام بە وتەی پۆلیس پەیوەندی بە دوو ڕووداوەکەی دیکەوە نەبووە.
Top