پەکەکە بە فەرمانی رژێمی سووریا لەگەڵ داعش رێک دەکەوێت

 پەکەکە بە فەرمانی رژێمی سووریا لەگەڵ داعش رێک دەکەوێت
چاودێرێکی سیاسی ئاشکرای دەکا، بۆ چۆڵکردنی ھەندێ ناوچە لە لایەن داعشەوە و جێگرتنەوەیان بە ھێزی PKK لە سووریا، بە فەرمان و چاودێریی رژێمی سووریا، رێککەوتن لەنێوان پەکەکە و داعشدا دەکرێت. ھاوکات ئاشکراشی دەکات، ئەمەریکا پلانی ھەیە دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی رەقە، (پێشمەرگەی رۆژ) بگەڕێنێتەوە رۆژئاوای کوردستان.



لە ماوەی رابردوودا، دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری تەبقە و بەنداوی فورات لە رۆژئاوای کوردستان، یەکێک لە بەرپرسانی PKK رای گەیاند، ئەو ناوچانەی کۆنتڕۆڵیان کردوون رادەستی لایەنە رەسمییە تایبەتمەندەکانی سووریای دەکەنەوە.



ئەو بەرپرسەی PKK کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە، بە ئاژانسی ھەواڵدەری (فرانس پرێس)ی راگەیاندووە، لەگەڵ فەرماندەکانی سووریا گەیشتوونەتە رێککەوتن کە بەنداوی فورات رادەستی دەوڵەت بکرێتەوە.



لەلایەکی دیکەشەوە، سەرچاوەیەکی سەربازیی وەزارەتی بەرگریی رووسیا بە (RT روسیا الیوم)ی راگەیاند، ھێزە کوردییەکان لەگەڵ چەکدارانی رێکخراوی داعش رێک کەوتوون لەسەر دەرچوونیان لە شاری رەققە.



سەرچاوە سەربازییەکە ئاشکراشی کردووە، رێککەوتنەکە بە شێوەیەکە ھێزە کوردییەکان لە رۆژئاوای رەقەوە رێگەیەک دەکەنەوە، بۆ ئەوەی چەکدارانی داعش لە شاری رەققەوە بەرەو شارۆچکەی تەدموور بڕۆن.



بەپێی سەرچاوەکە رووسیا بەو رێککەوتنە ناڕازییە و رۆژی ٢٥ ئەم مانگە ھێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر ئەو چەکدارانەی داعش بەپێی رێککەوتنەکە لە رەققەوە بەرەو تەدموور رۆیشتوون.



چاودێری سیاسی، کاوە ئازیزی، ئەندامی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا بۆ (باس) ئاشکرای کرد، زۆربەی ئەو ناوچانەی کە پێشتر لەلایەن ھێزەکانی PKK لە سووریا لە دەستی داعش دەرھێنراون، دواتر بەناوی رادەستکردن بە ئەنجومەنی مەدەنیی خەڵکی ناوچەکە، دراونەتەوە رژێمی سووریا و ئێستا ھێزەکانی بەشار ئەسەدیان لێیە.



ئازیزی، گوتیشی: “ناوچەی زۆر ھەیە بەبێ شەڕ لە لایەن داعشەوە چۆڵ کراون و ھێزەکانی PKK شوێنیان گرتوونەتەوە”.



ئاماژەی بەوەش دا، رژێمی سووریا خۆی سەرپەرشتیی چەکدارەکانی داعش لە لایەک و لە لایەکی دیکەوە ھێزەکانی (PKK) لە سووریادا دەکات و بە فەرمان و بە رێککەوتن جێگۆڕکێیان پێ دەکات، ئەوەش ترسی بۆ ئەمەریکا دروست کردوە کە ناوچە ستراتیژەکانی کە ئەمەریکا مەبەستیەتی لەژێر ھەژموونی خۆیدا بمێنێتەوە، رادەستی رژێمی سووریا بکرێن.



ئەو چاودێرە سیاسییە راشی گەیاند، ئەمەریکا ترسی ھەیە PKK شاری (رەقە)ش بەھەمان شێوەی ناوچەکانی دیکە رادەست بە بەشار ئەسەد بکاتەوە، ھەر بۆیەش ئێستا چاودێریی چڕی خستووەتە سەر پڕۆسەی رزگارکردنی ئەو شارە، گوتیشی: “پێنەدانی ڤیزا بە ساڵح موسلیم کە بڕواتە ئەمەریکا ئەوە روون دەکاتەوە کە ئەمەریکا ھیچ رێککەوتنێکی سیاسیی لەگەڵ پەکەکەدا نییە لە سووریا، تەنیا رێککەوتنی سەربازی نەبێت کە دوای شەڕی داعش ئەرکی ھێزەکانی PKK لە سووریا کۆتایی دێت و ئەمەریکا ھێزەکانی پێشمەرگەی رۆژ دەباتەوە رۆژئاوای کوردستان، کە ھێزێکی سەربازی و راھێنراون بۆ پاراستنی ئەو ناوچە کوردییانەی کە ئەمەریکا نایەوێ بۆ جارێکی دیکە بکەونەوە ژێر کۆنتڕۆڵی بەشار ئەسەد، چونکە ئەگەر ئەو ناوچانە لەژێر باڵادەستیی (PKK) دابن، دوور نییە تەواوی رۆژئاوای کوردستان وەکو تەبقە و رەقە و بەنداوی فورات رادەست بە رژێمی سووریا بکرێنەوە، بەڵام پێشمەرگەی رۆژ لە ئەجێندای ئەمەریکادا شوێنی ھەیە و ئەمەریکا ھیچ گومانێک لەو ھێزە ناکات کە پاراستنی شوێنێکی پێ بسپێرێت”.



ھاوکات، نەواف رەشید، بەرپرسی کۆمیتەی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا لە ھەرێمی کوردستان، بۆ (باس) رای گەیاند، ئەگەر پەکەکە سیاسەتەکانی لە رۆژئاوای کوردستان نەدابوایە دەستی رژێمی سووریا و ئەو ناوچانەی رادەست بە رژێم نەکردایە، ئەوا دۆخی رۆژئاوای کوردستان بە ئێستا نەدەگەیشت، کە ھیچ ئاسۆیەکی روونی دیار نەبێت، گوتی: “پەکەکە لە سووریا کوردی بە کار ھێناوە بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی و خۆیشی شەڕ بۆ رژێمی سووریا دەکات و ئەمەریکاش بۆ لەناوبردنی داعش پشتی پێ دەبەستێت، بەبێ ئەوەی ھیچ رێککەوتنێکی سیاسیی لەگەڵدا ھەبێت، لە لایەکی دیکەشەوە رووسیا و ئێرانیش پەکەکە بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەکار دەھێنن، وەکو ئەو رێککەوتنەی بۆ دروستبوونی ناوچەی ئارام لەگەڵ تورکیا کردیان و ھیچ شوێنێکی لە رۆژئاوای کوردستان نەگرتەوە”.



لای خۆشیانەوە، مستەفا کەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ سایتی فورات نیوز رای گەیاندووە، ئەمەریکا لە لایەک ھاوکاریی یەپەگە دەکات و لە لایەکی دیکەوە دژایەتیی پەکەکە دەکات، ئەوەش بازرگانیکردنە بە پەکەکە و جێگای قبووڵکردن نییە.



ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەمەریکا لە لایەکەوە دۆستایەتیی لەگەڵ یەپەگە دەکات، لە لایەکی دیکەوە ھاوکاریی تورکیا دەکات بۆ دژایەتیکردنی پەکەکە، ئەمە بازرگانیکردنە لەسەر پەکەکە.



پێشتر ڕاوێژکاری سیاسیی بەشار ئەسەد (بوسەینە شەعبان) لە لێدوانێکیدا بۆ (الجزیرە) ڕای گەیاندبوو، چەکدارەکانی (پەکەکە) بەشێکن لە ھێزی نیشتیمانی و بە ھاوئاھەنگیی لەگەڵ سوپای سووریا و فڕۆکەکانی ڕووسیا بەرگری لە خاک و گەلی سووریا دەکەن.













باسنیوز
Top