دۆناڵد ترەمپ گەیشتە ڤاتیکان

 دۆناڵد ترەمپ گەیشتە ڤاتیکان
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە درێژەی گەشتە هەشت ڕۆژییەکەیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەورووپا، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ دیدار لەگەڵ پاپ فرانسیس، ڕێبەری مەزهەبیی کاتۆلیکەکانی جیهان و بەرپرسانی ئیتاڵیا گەیشتە ڕۆما و لە فڕۆکەخانەی (لیۆناردۆ داوینچی) پێشوازیی لێ کرا.



شاری ڕۆما سێیەمین شوێنە کە دۆناڵد ترەمپ لەم سەفەرەیدا سەردانی دەکات، سەردانی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 2017/5/24 بۆ ڤاتیکان و دیداری لەگەڵ پاپ فرانسیس لەناو گرتنەبەری ڕیوشوێنی توندی ئەمنی بەڕێوە چوو.



دواتر ترەمپ لەگەڵ (سێرجۆ ماتارلا) سەرکۆماری ئیتاڵیا لە کۆشکی سەرکۆماریی ئەو وڵاتە لە ڕۆما کۆ دەبێتەوە و بۆ ماوەی نیو سەعات پێکەوە گفتوگۆ دەکەن و پاشان لەگەڵ (پائۆلۆ جنتیلۆنی) سەرکوەزیرانی ئیتاڵیاش دیدار دەکات.



بڕیارە دۆناڵد ترەمپ، پاش ئیتاڵیا سەردانی بەلجیکا بکات و پاش دیداری لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە، ڕۆژی هەینی دەگەڕێتەوە ئیتاڵیا و لە کۆبوونەوەی دوو ڕۆژەی سەرۆکی وڵاتانی ئەندامی (جی حەوت) لە شاری (تائۆرمینا) بەشداری دەکات.




باسنیوزز
Top