هێزە عێراقیەكان لە دوای قەیرەوان هێرش دەكەنە سەر قەزای بەعاج

هێزە عێراقیەكان لە دوای قەیرەوان هێرش دەكەنە سەر قەزای بەعاج


فەرماندەیەكی سوپای عێراق رایگەیاند خۆیان ئامادە كردووە بۆ هێرشکردنە سەر قەزای بەعاج لە رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا، ئەمەش دوای بە تەواوی كۆنترۆڵكردنەوەی ناوچەی قەیرەوان.

رائید مونتەزەر عەباسی ئەفسەر لە سوپای عێراق رایگەیاند دوای ئەوەی ناحیەی قەیرەوان كۆنتڕۆڵ كرایەوە، ئەركی داھاتووی هێزە عێراقییەكان كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوەندی قەزای بەعاجە كە كەوتووەتە ١٤٠ كیلۆمەتری رۆژئاوای شاری مووسڵ، بۆ ئەو مەبەستەش دەستیان بە ئامادەكاری كردووە.


عەباسی گوتی "لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكان، فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای عێراق بە چڕی بەسەر ئاسمانی قەزای بەعاجدا دەسوڕێنەوە و حەشارگەكانی داعش لەناو قەزاكە بۆردومان دەكەن بۆ ئەوەی ئەركی هێزە سەربازییەكان لە كۆنتڕۆڵكردنەوەی قەزای بەعاج ئاسان بكرێ و بتوانن بە خێرایی كۆنتڕۆڵی بكەنەوە".


ئەفسەرەكە ئاماژەی بەوەش دا كە ئێستە تیمەکانی ئەندازیاری سوپا ئەو بۆمبانە هەڵدەگرنەوە كە داعش لەسەر رێگای بەعاج چاندوونی.


دووپاتیشی كردەوە كە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان بەردەوام دەبن تا ئەو كاتەی تەواوی سنووری پارێزگای نەینەوا كۆنتڕۆڵ دەكرێتەوە.

BAS NEWS-
Top