ترەمپ لە ئیسرائیل: ئێران پشتیوانی تیرۆریزمە
لەو کۆنفرانسە ڕۆژنامەنەنووسیەدا دۆناڵد ترەمپ، جەختی لەسەر پەیوەندییە دیپلۆماسی و هاوکارییەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل کردەوە و گوتی "ئێران نەتەنیا لە ناوچەکە، بەڵکوو لە ئاستی جیهاندا پاڵپشت و پشتیوانی تیرۆریزمە و پێویستە لە ناوچەکە پێش بە جموجۆڵەکانی ئێران بگیردرێت".
لە درێژەدا گوتیشی "ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ مەترسی و هەڕەشەی هاوبەش بەرەوڕوون، بۆیە هیچکات نابێ ڕێگە بە ئێران بدرێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی".
لە بەرانبەردا بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش گوتی "پەیوەندیی ئیسرائیل و ئەمریکا پەیوەندییەکی پتەوە و پاشان جەختی لەسەر ئامادەیی ئەو وڵاتە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کردەوە".
هاوکات ڕووئین ڕییۆلین، سەرکۆماری ئیسرائیل لە لێدوانێکدا گوتی "دەبێ ئێران لە سنوورەکانی ئیسرائیل و سووریا بکشێتەوە و جەختیشی کردەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئیسرائیل پێویستییان بە ئەمریکایەکی بەهێزە و هاوکات ئەمریکاش پێویستیی بە ئیسرائیلێکی بەهێزە و پێویستە کاری بۆ بکەین."
بڕیارە دۆناڵد ترەمپ و شاندی یاوەری ماوەی دوو ڕۆژ لە ئیسرائیل بمێننەوە و بەپێی زانیارییەکان یەکێک لە ئامانجەکانی ترەمپ هەوڵدانە بۆ سەقامگیریی ئاشتی و دەست پێکردنەوەی پرۆسەی دانوستانی نێوان فەلەستین و ئیسرائیلە.
لە درێژەی گەشتەکەیدا سەردانی واتیکان و بەلجیکاش دەکات.
باسنيوز
