هێرشکارانی سەر مەزاری پێغەمبەری ئیسلام دەستگیر دەکرێن
بەپێی هەواڵی ئاژانسی (واس)ی سعودی، وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە 46 کەسی دەستگیر کردووە، کە 32 کەسیان هاووڵاتیی سعودیەن و 14شیان هاووڵاتیی پاکستان، یەمەن، ئەفغانستان، میسر، ئوردن و سوودانن و ئەندامی شانە تیرۆریستییەکەن.
ئەو شانە تیرۆریستییە فەرمانی لە سەرکردەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش وەردەگرت و بە نیازبوون لەرێی خۆکوژێکەوە مزگەوت و مەزاری محەمەدی کوڕی عەبدوڵڵای پێغەمبەری ئیسلام بکەنە ئامانج.
هەروەک وەزارەتی ناوخۆی سعودیە رایگەیاندووە، ئەو کەسە توندڕەوانە چەندین جۆر چەک و تەقەمەنییان پێگیراوە و پلانی کردەی تیرۆریستیی فراوانیان لە وڵاتەکە دانابوو.
رۆژی 4.7.2016، خۆکوژێک هەوڵید ا خۆی بگەیەنێت ناو مزگەوتی پێغەمبەر و لە کاتی پشکنینیدا لەلایەن پۆلیسەوە، خۆی تەقاندەوە، کە بووە هۆی گیان لەدەستدانی چوار پۆلیسی سعودی.
مزگەوت و مەزاری پێغەمبەری ئیسلام یەکێکە لە شوێنە هەرە پیرۆزەکانی موسڵمانان.
باسنیوز
