پێنتاگۆن بوونی زرێپۆشی ئەمریکی لە سنووری سووریا - تورکیا رەتدەکاتەوە
جێف دەیڤس، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا سەبارەت بە بوونی زرێپۆشی ئەمریکی لە هێڵی سنووریی سووریا گوتی شتێکی وەها جێی باس نییە، بەڵام ھێزەکانی ئەمریکا لە باکووری سووریا بەھاوبەشی لەگەڵ ھێزەکانی سووریای دیموکرات جووڵە دەکەن، سنوورەکانیشیان لە چوارچێوەی جووڵەی ئێمەدایە. لە سنووری عێراقەوە تاوەکو منبج و لەوێشەوە تاوەکو باکووری رەققە لە ژێر کۆنترۆڵی ھێزەکانی سووریای دیموکراتدایە.
میدیاکانی تورکیا دوای بڵاوبوونەوەی وێنەیەکی ئاژانسی فرانس پرێس باسیان لە جێگیرکردنی زرێپۆشی ئەمریکی لە ناوچە سنوورییەکانی سووریا-تورکیا کردووە. بەجۆرێک دەگوترا ئەو هێزانە زۆر لە سنووری تورکیا نزیکن و، گوایە ئەمریکا بەمەبەستی پاراستنی یەپەگە ئەم کارەی کردووە، ئەمەش لەکاتێکدا یەگەپە هەڕەشەی ئەوەی کردبوو "هێرشەکانی تورکیا بێ وەڵام نابن".
دەیڤیس گوتیشی "بانگھێشتی گشت لایەنەکان دەکەین بۆ ئەوەی بەرەنگاری دوژمنی ھاوبەشمان ببینەوە، کە رێکخراوی تیرۆریستی داعشە. ئەم بانگھێشتەی ئێمە ھێزەکانی سووریای دیموکراتیش دەگرێتەوە. ئێستا دەمانەوێ ھێزەکانی سووریای دیموکرات تەرکیزی خۆیان بخەنە سەر رەققە و تەبقە، نەخزێنە نێو شەڕ و پێکدادانی دیکە". گوتەبێژی پنتاگۆن راشیگەیاند، رۆژانە بەردەوام پەیوەندییان لەگەڵ سوپای تورکیا هەیە.
بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر چیای قەرەچوغ لە دێرک رۆژی 25-4-2017، 20 شەڕڤان گیانیان لەدەستدا و 18ـی دیکەش بریندار بوون. هەروەها رۆژی هەینی 28-4-2017، له راگهیێندراوێكی فەرمیدا یهپهگه هۆشداری دا و رایگەیاند، هیچ هێرشێکی سوپای توركیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بێ وهڵام نامێنێتهوه.
بەپێی ئاژانسی سپۆتینگی رووسی فەرماندەکانی یەپەگە بە ئەمریکییەکانیان گوتووە: ئەگەر ھێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان بەردەوام بن، ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی رەققە دەوەستێنن و ھێزەکانیان بۆ سەر سنووری تورکیا - رۆژئاوا دەکشێننەوە.
رووداو
