پێشکەشکارێکی تەلەڤزیۆنی دەبێتە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا

پێشکەشکارێکی تەلەڤزیۆنی دەبێتە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا
پێشکەشکارێکی کەناڵی FOX TV بەناوی ھیسەر ناوێرت وەک گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دامەزرا.


ئەمڕۆ دووشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا راگەیەندراوێکی لەبارەی دەستبەکاربوونی ناوێرت بڵاو کردەوە.


لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ناوێرت ئەزموونی ١٥ ساڵی لە پێشکەشکاری و پەیامنێریدا ھەیە و راشگەیەندراوە کە ناوبراو ئەزموونێکی رۆژنامەوانی باشی لە ھێرشەکەی ١١ی ئەیلوول، جەنگی عێراق و رووداوەکانی سودان ھەبووە.


لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش روون کراوەتەوە کە ناوێرت پێشکەشکاری بەرنامەی “Fox and Friends”ە کە بەیانیان پێشکەش دەکرێت و یەکێکە لە پڕ بینەرترین بەرنامەکانی ئەمەریکا.


ھیسەر ناوێرت دەرچووی بەشی راگەیاندنی زانکۆی کۆلۆمبیایە کە یەکێکە لە زانکۆ ھەرە ناودارەکانی ئەمەریکا. ھاوکات پێش کارکردنی لە کەناڵی FOX TV، ماوەیەک لە کەناڵی ABC کاری کردووە.


لەگەڵ دەستبەکاربوونی رێکس تیلەرسن وەک وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مارک تۆنەر بۆ ماوەیەک گوتەبێژی کاتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بوو.



bas news -
Top