ئەمەریكاو ژاپۆن مانۆڕی سەربازی هاوبەش ئەنجامدەدەن

ئەمەریكاو ژاپۆن مانۆڕی سەربازی هاوبەش ئەنجامدەدەن
كەشتیگەلی جەنگی ژاپۆن لەگەڵ گروپی كەشتیگەلی جەنگی كارل ڤینسۆن-ی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكادا ئەمڕۆ دەستیانكردووە بە مانۆڕێكی سەربازی لە رۆژئاوای زەریای هێمن و لە نزیك ئاوەكانی نیمچە دوورگەی كۆریا.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری هێزی دەریایی ژاپۆنەوە بڵاویكردووەتەوە، هەردوو كەشتیگەلی جەنگی (سامیدار) و ( ئاشیگارا) رۆژی هەینی رۆژئاوای ژاپۆنیان بەجێهێشتووە بۆ ئەوەی لەگەڵ گروپی كەشتیگەلەكەی ئەمەریكادا بەشداری لە مانۆڕەكە بكەن، ئەوەش وەكو پشتیوانییەك لە واشنتۆن لەكاتێكدا رووبەڕووی پڕۆگرامەكانی ئەتۆمی و موشەكی كۆریای باكوور دەبێتەوە.

هاوكات وەزارەتی بەرگریی ژاپۆن لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، "كەشتیگەلە جەنگییەكان مەشق لەسەر چەندین جۆری جیاواز لە تاكتیك لەگەڵ گروپی كەشتیگەلە هێرشبەرەكانی ئەمەریكادا دەكەن".

وەزارەتەكە فەرمانیكردووە كەشتیگەلە جەنگییەكان یاوەری گروپی كەشتیگەلی جەنگی كارل ڤینسۆن بكەن بەرەو باكورو لانیكەم هەتاوەكو رۆژهەڵاتی دەریای چین.

سێشەممەی داهاتوو كۆریای باكور 85 مین ساڵیادی دامەزراندنی سوپای ئەو وڵاتە دەكاتەوە، ساڵانی پێشووتر ئەو وڵاتە ئەو یادەی بە ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی چەكەكانی خۆی كردووەتەوە.







خەندان-
Top