بەرپرسێکی ئەوقاف: ھیچ وتاربێژێکی ئەمریکی مووچە وەرناگرێت

 بەرپرسێکی ئەوقاف: ھیچ وتاربێژێکی ئەمریکی مووچە وەرناگرێت
بەرپرسێکی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی کوومەتی ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە ھیچ پێشنوێژ و وتاربێژێکی ئایینیی لە ئەمریکا مووچە وەرناگرێت.

مەریوان نەقشبەندی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و پێکەوەژیانی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاوی کردووەتەوە، کە نزیکەی سێ هەزار مزگەوت لە ئەمریکا هەیە، ”زۆرینەیان لە ویلایەتەکانی کالیفۆڕنیا، نیویۆرک و تێکساسن“.

مەریوان نەقشبەندی بە ئاماژەدان بە سەردانێکی بۆ بەشێک لە مزگەوتەکانی ئەمریکا، رایگەیاندووە، پێشنوێژ و گوتارخوێنەکانی ئەو مزگەوتانە قبوڵ ناکەن پێیان بگوترێ زانا و هیچ مووچەیەکیش وەرناگرن، ”هەمویان كاری تایبەتی خۆیان هەیە و وەك هەر موسڵمانێك دێن خوداپەرستی دەكەن و بۆ دەسكەوتنی خێری زیاتریش خۆبەخشانە وتاری هەینی پێشكەش دەكەن و پێشنوێژیش دەكەن“.

بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان و پێکەوەژیانی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف هەروەها رایگەیاندووە، کە هەموو مزگەوتەکان لە ئەمریکا لەلایەن موسڵمانانەوە دروستکراون و حکوومەتی ئەمریکا ”یەك دۆلار بۆ هیچ مزگەوتێك خەرج ناكات“.

مەریوان نەقشبەندی پێیوایە ئایینی ئیسلام خێراترین ئایینە لە بڵاوبوونەوە لە ئەمریکا ” بەشێكی زۆر لەئەمریكیەكان بوونی موسڵمانان لەئەمریكا بەهۆكاری لێبوردەیی و بەهێزی ئەمریكا دەزانن و ئیمامی مزگەوتەكان زۆر بەخۆشحاڵیەوە پێشوازی لەو ئافرەتە سفور و پیاوە غەیرە موسڵمانانە دەكەن“.







باسنيوز
Top